رێگەی كۆنی قوشتەپە نۆژەن دەكرێتەوە، بەرپرسێكیش دەڵێت، رێگەی هەولێر- كەركووك بەكار بهێنن تا كارەكان تەواو دەبن.
ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی نیسان، بژار مەلا خدر قایمقامی قوشتەپە، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی نۆژەنكردنەوە و فراوانكردنی تۆڕی ڕێگەوبانەكان لە سنووری قەزای قوشتەپە، رێگەیەكی سەرەكی نۆژەن دەكرێتەوە.
زیاتر گوتی، ڕێگەی كۆنی قوشتەپە لە گۆڕستانی "مورتكەی بچووك" تا دوو سایدی 30 مەتری، بە درێژیی دوو كیلۆمەتر دادەخرێت.
باسی لەوەش كرد، داخستنی ڕێگەكە بە مەبەستی دەستپێكردنی كارەكانی قیرتاوكردن و فراوانكردنە، تا تەواوبوونی پڕۆژەكە بەردەوام دەبێت.
دەشڵێت، داوا لە شۆفێران دەكەین بۆ پاراستنی سەلامەتییان و كەمكردنەوەی جەنجاڵی، ڕێگەی سەرەكیی هەولێر- كەركووك بەكار بهێنن.
رێگەی سەرەكیی كۆنی هەولێر- قوشتەپە، یەكێكە لە ڕێگە گرنگەكان كە شاری هەولێر بە قوشتەپە دەبەستێتەوە، ئەم ڕێگەیە گرنگییەكی زۆری بۆ هاتوچۆی نێوان هەولێر و قوشتەپە هەیە كە ناوەندی قەزای قوشتەپەیە بە پارێزگای هەولێر.