بەگوێرەی بەڵگەیەك كە محەمەد سەمعان پارێزگاری كەركووك واژووی لەسەر كردووە، چەند دەسەڵاتێك لە جێگرانی پارێزگاری كەركووك سەنراوەتەوە و بە پارێزگار دراوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 26ی نیسان، بەگوێرەی بەڵگەیەك كە دەست "وشە" كەوتووە، محەمەد سەمعان ئاغا پارێزگاری كەركووك، چەند دەسەڵاتێكی لە جێگرەكەی وەرگرتووەتەوە كە ئێستە رێبوار تەها بووەتە جێگری.
لە نووسراوەكەدا هاتووە، هەردوو بەشی موڵكەكان و كاروباری هاووڵاتییان، لە نووسینگەی جێگری یەكەمی پارێزگار وەردەگیرێتەوە و بە نووسینگەی پارێزگار پێوەست دەكرێت. هەروەها بەشی مۆڵەتە تەناهییەكان "كاروباری ئاسایش" لە جێگری تەكنیكی پارێزگار دەسەنرێتەوە و بە نووسینگەی پارێزگار خۆی پێڕەو دەكرێت.
بڕیارەكانیش ئەو رۆژە جێبەجێ دەكرێت كە پارێزگار واژووی لەسەر كردووە و لە بەڵگەكە دەردەكەوێت، 23ی نیسان پێنجشەمی رابردوو واژوو كراوە.
لە رۆژی 16ی ئەم مانگە، یەكێتی پۆستی پارێزگاری كەركووكی بە بەرەی توركمانی دا، بەگوێرەی رێككەوتنێك كە بە رێكككەوتنی گومانلێكراوی "هوتێل رەشید" دەناسرێت. ئەم كارەی یەكێتیش كە بە ناوی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات كرا، ناڕەزایی كەركووكییەكان و كورد و عەرەبی لێ كەوتەوە.