دوای هەوڵە شكستخواردووەكەی تەقەكردن لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و گرتنی تۆمەتبارەكە، ئەو ددانی بە ئامانجی كارەكەی دانا و وەك سەرەتاش دوو تۆمەتی ئاراستە كراوە، بڕیارە سبەی دووشەم دەست بە دادگاییكردنی بكرێت و وردەكاریی رووداوەكە بێتە ئاشكراكردن.
دوای ئەوەی لە خوانێكی ئێوارەی دوێنێ بۆ ژمارەیەك پەیامنێران لە كۆشكی سپی بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و هاوسەرەكەی و جەی دی ڤانسی جێگرەكەی، كەسێك لە دەرەوەی هۆڵەكە تەقەی كرد و گیرا، ئەمڕۆ وەك سەرەتا چەند تۆمەتێكی ئاراستە كرا، لەوانە بەكارهێنانی چەك لەكاتی ئەنجامدانی تاوانێكی توندوتیژی و دەستدرێژیكردنە سەر فەرمانبەرانی حكوومەت بە چەكی مەترسیدار.
خاتوو جانین بیرۆ داواكاری گشتیی واشنتن گوتی، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان تۆمەتبارەكە بەنیاز بووە زیاترین زیان و وێرانكاری بنێتەوە، بەڵام بەهۆی رێوشوێنە تەناهییەكان زیانی گیانی نەبوو، كاتێك خاڵی پشكنینی دەرەوەی هۆڵەكە، كە هەزاران كەس لەوێ بوون بۆ گوێگرتن لە سەرۆكی ئەمەریكا، رۆڵێكی گەورەی لە كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە هەبوو، بۆیە زیانی گیانی نەبوو.
دووپاتی كردەوە كە گومانلێكراوەكە سبەی دووشەم لەبەردەم دادگای فیدراڵی ئامادە دەبێت و پێشبینی دەكرێت تۆمەتی زیاتری بدرێتە پاڵ و وردەكاریی زیاتر لەبارەی هێرشەكە و پاڵنەرەكانی بێتە ئاشكرا بوون، لەوكاتەی چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان كرد كە هێرشبەرەكە "كول ئالین"، ددانی بەوەدا ناوە كە ویستوویەتی چەند بەرپرسێك لە ئیدارەی ترەمپ بكاتە ئامانج و تەقەیان لێ بكات، بەڵام ناوی ترەمپی بەتایبەتی نەهێناوە.