سەرچاوەكان: عێراقچی گڵۆپی سەوزی لە پاكستان وەرگرتووە

:: PM:06:01:26/04/2026 ‌

بڕیار بوو دووەم گەڕی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا هەفتەی رابردوو لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە بچێت، بەڵام ئێران شاندی دانوستانكاری رەوانە نەكرد، دواتر وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئەو وڵاتەی كرد و مەرجەكانی تارانی پێ راگەیاندن، بەپێی سەرچاوە پاكستانییەكان جارێكی تر وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئیسلام ئابادی كردووە، بەڵام بۆ راوێژكردن نەك دانوستان.

بەپێی سەرچاوە پاكستانییەكان عەباس عێراقچی گڵۆپی سەوزی لە پاكستان وەرگرتووە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەند خاڵێك كە پاكستان بە نیازە بیانخاتە روو، هاوكات پاكستان چاوەڕوانی رەزامەندیی ئێرانە بۆ كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی دانوستانكاری ئەمەریكا، بەوەی عێراقچی لە ئیسلام ئاباد بمێنێتەوە و ئەندامانی شاندی دانوستانكاری ئەمەریكا ئەوانیش بگەنە پاكستان.

بەپێی سەرچاوەكان سەردانی دوایی عێراقچی بۆ ئیسلام ئاباد بۆ راوێژكردنە، بەڵام تا ئێستە هیچ باسێك لەبارەی هاتنی شاندی دانوستانكاری ئەمەریكا بۆ ئیسلام ئاباد نییە و بەپێی ئاژانسی "ئێرنا"ی ئێرانیش، ژمارەیەك لە ئەندامانی شاندی هاوەڵی عێراقچی لە تارانن بۆ راوێژكردن و وەرگرتنی رێنوێی پێویست لەبارەی چەند پرسێكی پێوەست بە وەستانی شەڕ، دوای ئەوە پێوەندی بە عێراقچییەوە بكەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل