دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی پێنجەم خولی پەرلەمانی عێراق رەوتەكەی پلەی یەكەمی بەدەست هێنا و زیاتر لە 70 كورسی پەرلەمانی هەبوو و زۆر نزیك بوو لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، رەوتی سەدر لە لایەن هێزەكانی تری شیعە نەیاری تا ئاستی شەڕ كرا و موقتەدا سەدر هاوبەشیی لەگەڵ قبووڵ نەكردن و بەتەواوەتی لە كایەی سیاسی كشایەوە و تا ئێستەش بەردەوامە، ئەندامێكی رەوتەكە باسی هەڵوێستی سەدر بەرانبەر بە رووداوەكانی ناوخۆی عێراق و ناوچەكە دەكات.
ئەو
ئەندامە دیارەی رەوتی نیشتمانیی شیعە دەڵێت، چاودێریی هەموو پەرەسەندنەكان لە ناوخۆی عێراق و ناوچەكە دەكەین، گرنگیی لەپێشینە بە دۆخی ناوخۆ دەدەین، شەڕ لە دژی ئێران رەت دەكەینەوە، بەڵام رەتی دەكەینەوە عێراق ببێتە گۆڕەپانێكی شەڕەكە، سەدر ململانێ لەسەر پۆست و سەرچاوە و سامانی دەوڵەت رەت دەكاتەوە، بۆیەش كاری سیاسی جێهێشتووە، گۆڕانی ئەو هەڵوێستەشی پێوەستە بە دوو بابەت، حزبەكانی ئێستە خۆیان چاك بكەنەوە و چاكسازی بكەن یان كەوتنیان بەهۆی ئەو گەندەڵییەی ئەوانی لە ناوەوە داڕزاندووە.
دووپاتی كردەوە، تا ئێستە سەدر بەشداریكردن لە كاری سیاسی و تەناهی رەت دەكاتەوە، نایەوێ دەست لە بڕیار و رێوشوێنی حزبەكانی دەسەڵات، كە كۆنترۆڵی حكوومەتی ئێستە و داهاتوو دەكەن وەربدات، دەیەوێ عێراق بە حكوومەتێك بەهێز بێت كە قبووڵی بوونی چەكی بەڕەڵا و گرووپی یاساشكێن نەكات، ئەو وای دەبینێت كە بڕیاری شەڕ و ئاشتی بەدەستی دەوڵەتە نەك میلیشیاكان.
لای خۆیەوە مەناف تەمیمی توێژەری سیاسی دەڵێت، موقتەدا سەدر كاری سیاسی جێهێشتووە، بۆیە پێویست ناكات هەڵوێستی هەبێت، ئەو شەڕەی ئێستە لە ناوچەكە هەیە، لە لایەن سەدر و لایەنگرانی رەت كراوەیە، هەرچی میلیشیاكانە، ئەو خۆی دەتوانێت قسەیان لەسەر بكات.