لە چوارچێوەی گەمارۆ دەریاییەكەی سوپای ئەمەریكا بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران و هەڵكوتانی بۆ سەر كەشتییەكانی نەوتبەری ئەو وڵاتە لە ئاوە نێودەوڵەتییەكان، ماڵپەڕێك ئاماژە دەكات كە هێزی دەریاوانیی ئەمەریكا دەستی بەسەر بڕێك نەوتی ئێران لە زەریای هیندیدا گرتووە كە بەهاكەی 380 ملیۆن دۆلارە.
ماڵپەڕی
"تانكەر تراكەرز"ی تایبەت بە چاودێریكردنی جموجۆڵی كەشتییە نەوتبەرەكان لە دنیا ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند كە هێزی دەریاوانیی ئەمەریكا دەستی بەسەر بڕێك نەوتی ئێران لە زەریای هیندیدا گرتووە كە بەهاكەی 380 ملیۆن دۆلارە.
بەپێی داتای مانگە دەستكردەكان ئەو نەوتەی دەستی بەسەردا گیراوە بەڕێگەوەیە بەرەو ئەمەریكا، هاوكات بەهۆی گەمارۆی سەر بەندەرەكانی ئێرانیش بە بەهای ملیارێك دۆلار بارە نەوتی ئێران بەرەو ئەو وڵاتە گەڕێندراوەتەوە، دوای رێگرتنیان لە لایەن هێزی دەریاوانیی ئەمەریكاوە.
بەپێی داتای هاتوچۆی دەریاوانی كە رۆژنامەی "تایمز" ئەمڕۆ یەكشەم باسی كرد، تا ئێستە جموجۆڵی دەریاوانی لە گەرووی هورمز پەكی كەوتووە و زیاتر لە 600 كەشتی گەورەی بازرگانی لە ناوچەكە گیریان خواردووە، لەناو رێوشوێنی توندی رێگریكردن لە لایەن ئێرانەوە.