چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەكانی بۆ دوای رێككەوتن دوا دەخات

:: PM:08:58:26/04/2026 ‌

بڕیار بوو ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی حكوومەت كۆ ببێتەوە، بەڵام وەك هەموو جارێكی تر كۆبوونەوەكە بەهۆی بەردەوامیی ناكۆكییەكان و سازشنەكردن بۆ یەكتر و ناكۆكی لەسەر میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدیان بۆ پۆستەكە هاتە دواخستن، سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات كە چوارچێوەكە كۆبوونەوەی ئەمشەوی دوا خست.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری دا بە دواخستنی كۆبوونەوەی ئەمشەوی، لە هەنگاوێك كە پرسیاری لەبارەی هۆكارەكەی دروست كرد، سەرچاوەكە دەڵێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێ باسكردنی هۆكارەكەی بڕیاری دواخستنی كۆبوونەوەی ئەمشەوی داوە، هاوكات هیچ وادەیەكی نوێی بۆ كۆبوونەوە و پێشكەشكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری نەكردووە.   

سەرچاوەیەكی تر باسی ئەوە دەكات كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری هەڵپەساردنی كۆبوونەوە فەرمییەكانی داوە تا گەیشتن بە سازان و رێككەوتن لەبارەی كاندیدی سەرۆك وەزیران، لەوكاتەی كۆبوونەوەكان لەسەر ئاستی سەركردە و هێزە سیاسییەكان بەجیا بەردەوام دەبن، لەوانە هەوڵێك هەیە بۆ سازكردنی كۆبوونەوەیەك لە نێوان نووری مالیكی و محەمەد شیاع سوودانی لە لایەن فالح فەیازەوە، بەمەبەستی لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكانیان. 

هەر بەپێی سەرچاوەكە لە حاڵەتی سازكردنی كۆبوونەوەكە و گەیشتن بە رێككەوتن، عەباس عامری ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران رادەگەیەنێت، ئەگەریش بە رێككەوتن نەگەیشتن كۆبوونەوەكان لەسەر ئاستی سەركردەكان بە تەنیا بەردەوام دەبێت، واتە هەموو كۆبوونەوە گشتییەكانی چوارچێوە لەو بابەتە تا رێككەوتنی مالیكی و سوودانی دەوەستێت.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل