پێنج مانگ بەسەر راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیوە و تا ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەیتوانیوە كاندیدی سەرۆك وەزیران پێشكەش بكات و حكوومەتی نوێی عێراق پێك بێنێت، شرۆڤەكارێكی سیاسی پێی وایە ئەوان سەرەڕای زۆرینەیان لەناو پەرلەمان، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك نەیانتوانیوە خۆیان یەكلا بكەنەوە.
ساڵح رەشید شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، كایەی سیاسی لە عێراق لە دوای 2003 بەرەو سیستمی بەشبەشێنەی سیاسیی پێكهاتەكان هەنگاوی نا، بەڵام ئەو شێوازە تەنیا بە هاوپەیمانیكردنی هێزەكانی یەك پێكهاتە نەوەستا، بەڵكو لەناو هەر پێكهاتەیەكیش لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تایبەت شۆڕ بۆوە، ئەوەش رێككەوتنی لەسەر كاندیدێك ئاڵۆز كردووە.
زیاتر گوتی، هەڵبژاردنی دوایی گۆڕانكارییەكی روونی پێوە دیار بوو، تەنیا گۆڕەپانێك نەما بۆ خستنەرووی بەرنامە و بۆچوون، بەقەد كاریگەربوونی بە پارەی سیاسی كە بووەتە فاكتەری بەهێزی دیاریكردنی ئەنجامەكان، ئەوەش چەند دیاردەیەكی نەرێنی لێ كەوتەوە لەوانە كردنی دەنگەكانی هەڵبژاردن بە كاڵایەك و ئەوەش لە ئاڵۆزكردنی پێكهێنانی حكوومەت رەنگی داوەتەوە.
ئەو شرۆڤەكارە دووپاتی كردەوە كە تێپەڕبوونی پێنج مانگ بەسەر راگەیاندنی ئەنجامەكانی بێ پێكهێنانی حكوومەت، بەرجەستەی قووڵیی تەنگژەكە دەكات، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ماوەیەكی دەستووری بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران لەپێشە، ئەگەر پێشێلی بكات، رەنگە تەنگژەكە بچێتە دادگای فیدراڵی بۆ یەكلاكردنەوەی.
رەشید پێی وایە ئەوەی ئێستە روودەدات كاریگەریی بەشبەشێنەی سیاسی و نەرێنییەكانی پارەی سیاسی ئاشكرا دەكات، لەپاڵ نەبوونی درككردنی پێویست لە لایەن هەندێك لە هێزە سیاسییەكان بە گرنگیی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەكان و پشتگوێخستنی دۆخی ئێستەی وڵات، كە لە لایەن حكوومەتێكی كاربەڕێكەری دەسەڵات سنووردارەوە بەڕێوە دەبرێت، بۆیە بەردەوامبوونی تەنگژەكە بێ چارەسەری ریشەیی، كاریگەریی مەترسیداری لەسەر سەقامگیریی گشتیی وڵات دەبێت.