دوای شەڕە 40 رۆژییەكەی ئێران و ئەمەریكا كە لە 28ی شوبات دەستی پێ كرد، هەردوولا لە 8ی ئەم مانگە رێككەوتنێكی ئاگربەستی كاتیی دووهەفتەییان راگەیاند، لە 11ی ئەم مانگە یەكەم گەڕی دانوستانەكان بە ناوەندگیریی پاكستان لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە چوو، دوای ئەوە هیچ گەڕێكی تری دانوستان نەكرا و ئاگربەستەكەش بۆ كاتێكی نادیار درێژ كرایەوە، ئەمڕۆ پاكستان رێوشوێنە تەناهییەكانی لە شوێنی دانوستانەكان لابرد.
ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاكستان رای گەیاند كە وڵاتەكەی رێوشوێنە تەناهییەكانی لە شوێنی بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی ئەمەریكا و ئێرانی لە ئیسلام ئاباد لابردووە، ئەوەش دوای كۆتاهاتنی ئامادەسازییەكانی بۆ بەڕێوەچوونی دانوستان ساز كرابوو، ئەو لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە، كۆتەكانی سەر هاتوچۆ لە دەوروبەری هوتێل سیرینا و ناوچەی سوور لە ئیسلام ئاباد لابران.
زیاتر گوتی، سوپاسی گەلی پاكستان، بەتایبەتی دانیشتووانی ئیسلام ئاباد و روالبەندی دەكەم بۆ ئارامگرتن و هاریكارییان، كە وای كرد دەسەڵاتداران مسۆگەری سەلامەتیی مێوانان و بەردەوامی هەوڵەكانی گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەكە بكەن، دووپاتی لە پابەندیی پاكستان بەو ئامانجە كردەوە.
بڕیار بوو دووەم گەڕی دانوستانەكانی ئەمەریكا و ئێران لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە بچێت، بەڵام شاندی ئێران ئامادە نەبوو، بۆیە هەوڵەكان بۆ سازكردنی گەڕێكی تری دانوستان شكستی هێنا، دواجار ئەمڕۆ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی پاكستانی كرد بۆ گەیاندنی مەرجەكانی وڵاتەكەی بۆ هەر رێككەوتنێكی وەستانی بەردەوامی شەڕ.
ئەوە لەوكاتەی سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە ئەوان ناچنە كۆبوونەوەیەكی بێ ئەنجام، ئێرانییەكان دەزانن هەر رێككەوتنێك دەبێت ئەوە لەخۆ بگرێت كە نابێت ببنە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و ئەگەر ویستیان قسە لەگەڵ ئێمە بكەن دەتوانن پێوەندیمان پێوە بكەن.