ئەنەكەسە و عەبدی تاوتوێی یەكهەڵوێستی لە سووریا دەكەن

:: PM:11:54:26/04/2026 ‌

ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی كورد لە سووریا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە كۆبووەوە باسی یەكهەڵوێستیی كورد و بەشداریكردنیان لە ئەنجوومەنی گەلی سووریا كرد.

فەیسەڵ یووسف گوتەبێژی ئەنەكەسە گوتی، كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی میكانیزمێكی روون بۆ یەكخستنی هەڵوێستی كورد لە دوای رێككەوتنی 29ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە نێوان حكوومەتی سووریا و هەسەدە.

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا چەند گفتوگۆیەكی قووڵ كرا و بۆ دانیشتنی داهاتوو بە كراوەیی مانەوە، بەمەبەستی گەڵاڵەكردنی شێوەیەكی كردەنی بۆ خۆلادان لە ناكۆكی و شكستی رێككەوتنەكانی پێشوو لە نێوان ئەنەكەشە و پەیەدە.

ئەنەكەسە دووپاتی لە پابەندی بەو دیدە سیاسییە هاوبەشەی كورد كردەوە كە لە كۆنفرانسی نیسانی 2025 بڕیاری لەسەر درا و بە پێویستیی قۆستنەوەی ئەو هەڵەی ئێستە رەخساوە بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەكی راستەقینەی كوردی كە بوونی نوێنەرایەتیی گەلی كورد لە جومگەكانی دەوڵەتی سووریا لە داهاتوو مسۆگەر بكات، هەر لە دامەزراوە خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنەرەكانەوە تا گەیشتن بە ئەنجوومەنی گەل.

یووسف دووپاتی كردەوە كە ئەنەكەسە بە ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا لە ناوچە كوردییەكان دەكات، بەو شێوەی نوێنەرایەتییەكی دادوەرانە بۆ گەلی كورد مسۆگەر بكات، پێویستە ئەو ئاراستەیە لە لایەن لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی كاتی سووریا رەچاو بكرێت، بۆ ئەوەی كورد ببنە هاوبەشێكی كارا لە قۆناغی گوێزەرەوەدا.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل