وەزارەتی دەرەوەی عێراق: شاندە دیپلۆماسی و تیمە بیانییەكان ناگەڕێنەوە

:: PM:12:50:27/04/2026 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشكرای دەكات، ئەو شاندە دیپلۆماسییانە و تیمە بیانییەكان كە لە چەند بوارێكی تر كاریان دەكرد بە هۆی هێرشی میلیشیاكان عێراقیان جێهشت، نەگەڕاونەتەوە عێراق و لەوە ناچێت بەم زووانەیش بگەڕێنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 27ی نیسان، بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لێدوانی بۆ رۆژنامەی عەرەبی جەدید داوە و ئاشكرای دەكات، تا ئێستە هیچ شاندێكی دیپلۆماسی نەگەڕاونەتەوە عێراق، ئەوانەی كە بە هۆی هێرشی میلیشیاكانەوە عێراقیان جێهێشت بوو.

ئەو سەرچاوە باس لەوەیش دەكات تیمە بیانییەكانی تر لەوانەی زانستی بوون، لەبواری گەڕان لە شوێنەوار، وزە، تەندروستی، زانكۆ كاریان دەكرد، ئەوانیش نەگەڕاونەتەوە عێراق، سەرچاوەكە دووپاتیشی دەكاتەوە، "لەوە ناچێت بگەڕێنەوە".

لە 28ی شوبات ئەمەریكا و ئیسرائیل هێرشیان كردە سەر ئێران و شەڕی نێوانیان 40 رۆژ بەردەوام بوو. لە ماوەی شەڕدا میلیشیاكانی عێراق بەردەوام هێرشیان دەكردە سەر شاندە دیپلۆماسییەكان،  تەنانەت لە شەوێكدا هێرشیان كردە سەر هوتێل رەشید. بەگوێرەی زانیارییەكانی عەرەبی جەدید تەنیا لەو هوتێلە 15 شاندی دیپلۆماسی بیانی هەمیشەیی تێدا بووە، كە ئێستە چۆڵیان كردووە.

ژمارەی ئەو شاند و تیمە بیانیانە ئاشكرا نەكراون كە عێراقیان جێهێشتووە، بەڵام بەرپرسەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ‌ "لە 20 ساڵی رابردوودا وەك ئێستە ژمارەیان كەم نەبووەتەوە". ئاماژەی بۆ ئەوەیش كردووە تاكە چارەییەك بۆ گەڕانەوەی ئەوان وەستانی شەڕی ئێران و ئەمەریكایە. 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل