میدیای هەسەدە بڵاویان كردەوە هەسەدە و حكوومەتی كاتی سووریا لەسەر پێكهێنانی لیوایەكی كوردی رێككەوتوون، ئامانج لێی رێكخستنەوەی دۆخی تەناهی و كارگێڕی ناوچەكەیە.
ئەمڕۆ دووشەم 27ی نیسان راگەیاندنی هەسەدە بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ حكوومەتی سووریا و هەسەدە لەسەر پێكهێنانی هێزێكی كوردی لە عەفرین رێككەوتوون كە لە شێوەی رێكخستن "لیوا" دەبێت. میدیای هەسەدە دەشڵێ، "وا سەیری ئەم هەنگاوە دەكرێت لە چوارچێوەی رێكخستنەوەی دۆخی تەناهی و كارگێڕی نوێی ناوچەكەیە"
هەروەها میدیای هەسەدە دەڵێ، "ئەو تێگەیشتنە لە چوارچێوەی كۆششەكانی رێكخستنی بارودۆخی سەربازی و بەهێزكردنی سەقامگیری هاتووە" دووپاتیشی دەكاتەوە دواتر وردەكاری لەسەر ئەركی لیواكە و پێكهاتەكەی و رۆڵی لە قۆناغی داهاتوودا بڵاو دەكرێنەوە.
لە 29ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ حكوومەتی كاتی سووریا و هەسەدە لەسەر رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكان لە سووریا رێككەوتنێكیان واژۆ كرد. عەفرین شارێكی كوردە دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای سووریا، لە ئاداری 2018 لە لایەن هێزەكانی توركیاوە داگیركرا.