دوو هەفتەیە هێزە سیاسی و میدیاكانی شیعە باسی نزیكبوونەوەی یەكلابوونەوەی بابەتی كاندیدی سەرۆك وەزیران دەكەن، كەچی كۆبوونەوەكانیان بەهۆی ناكۆكیی قووڵ دوا دەخرێت یان شكست دێنێت، دواجار دوێنێ بڕیاری هەڵپەساردنی كۆبوونەوەكانیان بۆ دوای رێككەوتن و سازان دا، بەپێی ئەندامێكی چوارچێوەكە ئەمڕۆش لە كۆبوونەوە بەردەوام دەبن.
عەبدولسەمەد زەرگووشی ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ددان بە بوونی ناكۆكی لە دۆسیەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دانا كە بووە هۆی سازنەكردنی كۆبوونەوەی شەوی رابردووی سەركردەكانی چوارچێوەكە لە بەغدا، هاوكات دووپاتی كردەوە كە ئەمشەو هەندێك لە هێزەكانی چوارچێوە لە كۆبوونەوە بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە لێكگەیشتن و لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكانیان.
زیاتر گوتی، كۆبوونەوەی شەوی رابردووی چوارچێوە بەهۆی بوونی ناكۆكی لە نێوان چەند سەركردەیەكی دوا خرا، بڕیارە ئەمشەو نوێنەری چەند هێزێكی چوارچێوەكە بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكان كۆ ببنەوە، ئەگەر بگەن بە رێككەوتن كۆبوونەوەیەكی لووتكەی چوارچێوە دەكرێت بۆ دیاریكردنی ناسنامەی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو.
زەرگووشی دووپاتی كردەوە كە دیدار و كۆبوونەوەكان بە چڕی بەردەوامن و رەنگە لە 48 سەعاتی داهاتوو دۆخەكە روون ببێتەوە و ئەگەری پەنابردن بۆ هەر چارەسەرییەك هەیە، لەوانە پشتبەستن بە پرەنسیپی دوو لەسەر سێ، واتە هەر كاندیدێك بتوانێت دەنگی دوو لەسەر سێی چوارچێوە بەدەست بێنێت، دەیباتەوە، ئاشكرای كرد كە تا ئێستە ژمارەی كاندیدان چوارن.