لە دوای یەكەم گەڕی دانوستانەكانی ئیسلام ئاباد لە نێوان ئێران و ئەمەریكا بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی وەستانی شەڕ، تاران خۆی لە دانوستانەكان دەدزێتەوە و ئەمەریكاش گرەو لەسەر ملكەچبوونی لە دوای گەمارۆ دەریاییەكەی بەسەر بەندەر و كەشتییە نەوتبەرەكانی ئێران دەكات، بڕیارە ئەمشەو سەبارەت بە هەڵوێستی داهاتووی بەرانبەر بە ئێران و گەرووی هورمز، سەرۆكی ئەمەریكا سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەك بكات.
بڕیارە ئەمشەو
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ تیمەكەی لە ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا كۆ ببێتەوە، باراك رافید رۆژنامەوانی ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی دووپاتی كردەوە كە كۆبوونەوەكە سەبارەت بە ئاگربەست و دانوستان لەگەڵ ئێران و كردنەوەی گەرووی هورمز و قۆناغەكانی داهاتووی مامەڵەكردن و دەست پێكردنەوەی شەڕە.
لای خۆیەوە كەناڵی "ئەی بی سی نیوز"ی ئەمەریكی لە چەند بەرپرسێكی ئەو وڵاتەی گواستەوە، ئیدارەی ترەمپ متمانەیەكی زۆر بە كاریگەربوونی گەمارۆ دەریاییەكەی بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران پێشان دەدات، هاوكات گومان بە شاندی ئێران بۆ دانوستانەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە زیادبووندایە.
"ئاكسیۆس"، دەڵێت كە ئێران پێشنیازێكی نوێی بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی دەریایی و كۆتاهاتنی شەڕ بە ئەمەریكا داوە، بەو پێیەی لە داهاتوو دانوستان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی تاران بكەن.