دوێنێ لە كەركووك لە رووداوێكی هاتوچۆدا ژمارەیەك هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەكی تر بریندار بوون، رووداوەكە كاردانەوەیەكی گەورەی لەناو سۆشیال میدیا و شەقامی شارەكە دروست كرد، پەرلەمانتارێكی كەركووك پێی وایە هۆكاری رووداوەكە بۆ گەندەڵی و لاوازیی ئیدارەدان و نەبوونی چاودێری دەگەڕێتەوە.
ئەرشەد ساڵحی پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پارێزگای كەركووك دەڵێت، ئەو گەندەڵییە تەشەنەكردووەی لە دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق هەیە، جا لە كەركووك یان شوێنەكانی تری، هۆكاری چەندان كارەساتن كە هاووڵاتیی باجەكەیان دەدات، بەهۆی بوونی چەند كەسێكی دەسترۆیشتوو كە یاری بە كایەكانی دەوڵەت دەكەن و بێ سڵەمینەوە هەڵسوكەوت دەكەن، لەوكاتەی بەغدا بێدەنگە.
روونی كردەوە، كێشە راستەقینەكە ئامادەنەبوونی دەوڵەت و بەردەوامیی گەندەڵی و نەبوونی دادوەرییە بەهۆی بەشبەشێنەی حزبی و تایفەیی، كە كەسانێكی ناشایستەی گەیاندووەتە سەرچاوەی بڕیاردان، ئاماژەی كرد كە یاداشتی فەرمی پێشكەش بە وەزارەت و لایەنە پێوەندیدارەكان كردووە بۆ ئاشكراكردنی گەندەڵییەكان و دووپاتی كردەوە كە بەڵگەی لەسەر بوونی پێشێلكاری لە هەندێك لە دامەزراوەكان لایە.
دوێنێ لە كەركووك لە نزیك ناوەندی رۆشنبیری و نەخۆشخانەی ئازادی لەسەر رێگەی كەركووك- سلێمانی، شوفێری بارهەڵگرێكی گواستنەوەی كۆنكریت كۆنترۆڵی لەدەست دا بەهۆی نەمانی برێكەوە و خۆی بە ژمارەیەك ئۆتۆمبێل كێشا، بەهۆی رووداوەكەوە پێنج هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و 17ی تریش بریندار بوون كە دۆخی هەندێكیان سەختە.