پوتین: پەیامێكی رابەری ئێرانم بەدەست گەیشتووە و هەوڵ بۆ ئاشتی دەدەین

:: PM:05:38:27/04/2026 ‌

ئێران رووبەڕووی دابڕانێكی نێودەوڵەتی دەبێتەوە و تەنیا رووسیا و چینی بەدەستە بۆ پاڵپشتیكردنی لە ئەنجوومەنی ئاسایش و پێدانی چەك و یارمەتیدانی لە شكاندنی گەمارۆ دەریاییەكەی ئەمەریكا، لەوكاتەی واشنتن بەرەو توندكردنی گەمارۆكە و گەلەكۆمەكردن بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز هەنگاو دەنێت، ئێران پەنا بۆ رووسیا دەبات، بەتایبەتی بۆ رازیكردنی ئەمەریكا لەبارەی دۆسیە ئەتۆمییەكەی.

دوێنێ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پاكستانەوە سەردانی عومانی كرد و جارێكی گەڕایەوە پاكستان و چەند پێشنیازێكی بۆ جیاكردنەوەی دۆسیەكانی وەستانی شەڕ و كردنەوەی گەرووی هورمز لە دۆسیە ئەتۆمییەكەی لە چوارچێوەی دانوستانەكان بە پاكستان دا بۆ گەیاندنی بە ئەمەریكا كە بڕیارە ئەمشەو سەرۆكی ئەمەریكا تاوتوێیان بكات، دوای پاكستان عێراقچی گەیشتە مۆسكۆ و ئەمڕۆ چاوی بە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا دەكەوێت.

لای خۆیەوە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی سوورە لەسەر كاركردن لە بەرژەوەندیی ئێران و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكە، هەفتەی رابردوو پەیامێكی رابەری باڵای ئێرانم بەدەست گەیشت و بەپەلە هەموو شتێك دەكەین بۆ ئەوەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچەسپێت. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێكی فەرمی لە دوای سەردانێكی كورت بۆ هەریەك لە پاكستان و عومان، گەیشتە شاری سانت پترسبۆرگی رووسی، ئەمڕۆ چاوی بە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا كەوت.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل