لە گەرمەی شەڕی شیعە لەسەر دەسەڵات باسی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرێت

:: PM:06:12:27/04/2026 ‌

دوای پێنج مانگ لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، تا ئێستە ململانێی قووڵی شیعە لەسەر دەسەڵات وای كردووە نەتوانن كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیران دیاری بكەن، دۆخەكە گەیشتووەتە چەقبەستوویی سیاسی و بە هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشوو تێپەڕ دەبێت، لەو ناوەدا لایەنێكی شیعە بە بێئومێدی و ترسەوە باسی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات. 

دوێنێ وادە 15 رۆژییە دەستوورییەكە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران لە عێراق كۆتایی هات، كەچی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بری راگەیاندنی كاندیدی بۆ پۆستەكە، كۆبوونەوەكانی هەڵپەسارد تا كاتی رێككەوتن، لەو ناوەدا باسی چەند سیناریۆیەك بۆ چارەسەركردنی چەقبەستوویی سیاسی و بۆشایی دەستووریی دەكرێت، لەوانە هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە زۆرینەی هێزەكانی شیعە رەتی دەكەنەوە.

ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووەتە دوو بەش، یەكەمیان پاڵپشتیی لە دانانەوەی محەمەد شیاع سوودانی لە پۆستی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەكات، كە لە لایەن چەند هێزێكی دیار وەك هادی عامری و قەیس خەزعەلی و عەمار حەكیم پاڵپشتی دەكرێت، دووەم پاڵپشتیی لە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەكات، لەوانە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران، مالیكی جیا لەوەی لە لایەن ئەمەریكا رەت دەكرێتەوە، كشانەوە و دیاریكردنی كاندیدێكی تر رەت دەكاتەوە، هەرچی سوودانییە چاوی لە پۆستەكەیە، ئەوەش دۆخەكەی گەیاندووەتە چەقبەستوویی سیاسی.    

لە كۆبوونەوە داخراوەكانی چوارچێوە باسی ئەگەری پەنابردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە وەك چارەسەرێكی تەنگژەكە كراوە، ئەوە ئەگەر سازشكردن و دیاریكردنی كاندیدی فەرمی یان هاوبەش نەبێت، سەرچاوەیەك لە چوارچێوەكە گوتی، لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانی دوایی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دەوڵەتی یاسا باسی پەنابردنی بۆ بژارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردووە، بەڵام پێشنیازەكە لە لایەن زۆرینەی هێزەكانی چوارچێوە قبووڵ نەكراوە، بەوەی مەترسیدارە.

بەپێی سەرچاوەكە هێزە شیعەكان پێیان وایە بژارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو ژینگە سیاسی و جەماوەرییەی ئێستە، لەبری چارەسەركردنی تەنگژەكە ئەنجامی زۆر ئاڵۆزتری دەبێت، بۆیە ئەو بابەتە هێشتا گفتوگۆی سەرەتایی لەسەر كراوە، لە بژارەكانی تر، پەنابردن بۆ دادكای فیدراڵی یان پێكهێنانی بارستەیەكی نوێی گەورەی پەرلەمانی و گۆڕینی میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل