شاخەوان عەبدوڵا هێرشێکی توند دەکاتە سەر بەرپرسێکی کەرکووک: "خوێنت پیسە"

:: PM:10:29:27/04/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 27ی نیسانی 2026، د. شاخەوان عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە نووسینێکدا هێرشێکی زۆر توندی کردە سەر بەرپرسێکی کەرکووک کە چووەتە نەخۆشخانە بۆ بەخشینی خوێن، ئەو بەرپرسەی بە "گەندەڵ، لەخەوانەترس و داوێنپیس" وەسف کرد.

شاخەوان عەبدوڵا لە نووسینەکەیدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت، دوێنێ بەرچاوم کەوت لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کەرکووک، بەرپرسێکی گەندەڵ و لەخەوانەترس و داوێنپیس پاڵکەوتووە و خوێن دەبەخشێت. ئاخر تۆ لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، جگە لە داگیرکردنی زەوی و گەندەڵی و خراپەکاری، چی سوودێکت بۆ کەرکووک هەبووە؟.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەو بەرپرسە تۆمەتبار دەکات بەوەی کە 20 ساڵە خەریکی خوێنمژینی کەرکووکییەکانە و دەپرسێت، ئێستە ئەم نواندە ناشیرینە چییە دەیکەیت؟ خۆ دەکرا لەو هەموو گەندەڵی و سەرانە وەرگرتنە، چەند ئۆتۆمبێلێک بکڕیت بۆ ئەوانەی ئۆتۆمبێلەکانیان زیانی بەرکەوتووە، نەک خوێنە پیسەکەت بخەیتە جەستەیانەوە.

هەروەها ئاشکرای دەکات کە تەنیا لە ماوەی ساڵ و نیوێکی ڕابردوودا، 200 ملیار دینار سەرانەتان لە خەڵک وەرگرتووە، بە هەڕەشە و فرۆشتنی خاکی کەرکووک بەناوی پڕۆژە و شتی ترەوە. ئاماژە بەوەش دەدات کە گەڕەکی عەرەفە ئەوەندە قێزەون بووە، خەڵک بەلای ئەو بارەگایەدا دەڕوات دەستی دەخاتە سەر گیرفانی، نەک بانگی بکەن و گیرفانی ببڕن.

لە بەشێکی تری نووسینەکەدا هاتووە، تۆ و ئەوانەی وەک تۆن، بە مکیاج و کڕینی ویژدانی هەندێک بەناو ڕۆژنامەنووس جوان نابن، ئێوە بوونەتە شێرپەنجە و چوونەتە جەستەی کەرکووکییەکانەوە. د. شاخەوان ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو دۆخە وای کردووە کەسانی کاڵفام لە سیاسەت و تیرۆریستێک لەوپەڕی عێراقەوە بڵێن ئێمە فڵانمان کردە پارێزگار و فڵانمان لابرد.

لە کۆتاییدا دڵنیایی دەدات کە "زەلیلیی ئەوانە" دەبینێت و ئیرادەی کەرکووکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ خۆیان. هاوکات داواش لە کەسوکاری قوربانییان دەکات، ئەگەر دڵنیا نەبوون لەو خوێنەی وەریان گرتووە بەکاری نەهێنن، چونکە خوێنی هەندێک کەس پیسە و ئەگەر بچێتە گیانی نەوەکانتانەوە، ئەتواری ئەوان هەڵدەگرن.


وشە - پۆڵا مەحموود