دادگای لێكۆڵینەوەی ناوەندی لە بەغدا، بڕیاری گرتنی ئیسماعیل لامی داوە كە بە "ئەبودرع" ناسراوە، لامی ماوەی 20 ساڵە تاوانبارە بە كوشتنی خەڵك و كاری تیرۆریستی، كەچی ئێستە بە تۆمەتی هەڵكوتانە سەر فەرمانگەیەكی بەغدا بڕیاری گرتنی داوە.
ئەمڕۆ سێشەم 28ی نیسان، دادگای لێكۆڵینەوەی ناوەندی لە بەغدا بڕیاری گرتنی ئیسماعیل حافز لامی داوە كە بە "ئەبودرع" ناسراوە، ئەمەیش بە هۆی سكاڵایەك كە ئەمیندارێتیی بەغدا لە دژی ئەبودرع تۆماری كردووە.
ئەو مادەیەی ئەبودرعی پێ دادگایی دەكرێت، مادەی 430 یە لە یاسای سزادانی عێراق كە تایبەتە بە هەڕەشەكردن، بەڵام ئەبودرع مێژوویەكی درێژی لە تاوانكاری هەیە، پێشتر بە "زەرقاویی شیعە" ناسرابوو. ئەو سەربە میلیشیای سەرایا سەلامی سەربە موقتەدا سەدرە، كەچی رەوتی سەدر چەندان جار دووپاتی كردووەتەوە پێوەندی بە ئەبودرعەوە نییە. ئەو پیاوە لە
میدیای عەرەبی و جیهانی بەوە ناسراوە گوایە یەكێكە لە تاوانبارەكانی شەڕی تایفەگەری لە عێراق و چەندان كەسی سوننەی كوشتووە.