دووشەمی رابردوو عەلی زەیدی لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری كرا و هەر ئەو رۆژە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق هاتە راسپاردن، پێشتر پەرلەمانتارێك رای گەیاند كە لێكگەیشتن لەسەر 50%ی كابینەكەی كراوە، سەرچاوەیەكیش نەخشەی سەرەتایی دابەشكردنی كابینەكە ئاشكرا دەكات.
ئەمڕۆ
سەرچاوەیەكی ئاگەداری سیاسی نەخشەی سەرەتایی دابەشكردنی پۆستە ویزارییەكان لە حكوومەتی نوێی عێراق ئاشكرا دەكات، كە عەلی زەیدی سەرۆكایەتیی دەكات و لەسەر بنەمای قورسایی سیاسی و ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان دەبێت، لەوانە هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی سوودانی، كە لە هەڵبژاردنەكان خاوەنی 46 كورسی بوو، پشكی گەورەی تیادا دەبێت بە پێنج وەزارەت، یەكێكیان سەروەری، ئەویش وەزارەتی داراییە، ئەوە جیا لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران.
هەرچی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكییە كە خاوەنی 29 كورسیی پەرلەمانییە، وەزارەتی نەوت و وەزارەتێكی خزمەتگوزاری دەبێت، رێكخراوی بەدری هادی عامری كە خاوەنی 18 كورسییە، وەزارەتی ناوخۆ دەبات و وەزارەتی پلاندانان بەر رەوتی حیكمەی عەمار حەكیم دەكەوێت و وەزارەتی كارەباش بۆ حزبی فەیڵەی ئیسلامی و وەزارەتی پەروەردەش رەنگە بۆ هاوپەیمانی خەدەماتی شبل زەیدی بێت.
هەر بەپێی سەرچاوەكە، وەزارەتی وەرزش و لاوان لە پشكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییە و بزاوی سادیقوونی قەیس خەزعەلیش هەردوو وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكان و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەر دەكەوێت، جیا لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، هەرچی سوننەیە، وەزارەتی خوێندنی باڵا دەدرێت بە حزبی تەقەدوم و وەزارەتی بەرگریش بۆ هاوپەیمانی عەزمی موسەنا سامەرایی، كوردیش، هەردوو وەزارەتی دەرەوە داد بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و ژینگە و رۆشنبیریش بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبن.