چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی كوەیت زانیاریی نوێ لەبارەی پشتپەردەی ڕێككەوتنی لایەنەكان بۆ دیاریكردنی عەلی زەیدی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرا دەكات، لە سەرووی هەمووشیانەوە باسی قەتەردەكات.
ناسر دۆسەری لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوی كردووەتەوە، كاندیدكردنی ناوبراو بە ڕەزامەندی ڕاستەوخۆی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی سیاسیی و ئابووریی نێوان قەتەر و هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجام دراوە.
بەگوتەی دۆسەری دەوڵەتی قەتەر بڕی دوو ملیار دۆلاری وەك سەرانە داوە بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تێپەڕاندنی ئەم كاندیدەكە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، كە ئەم بڕە پارەیە "لە پێناو خودادا نەدراوە"، بەڵكو بۆ گەرەنتیكردنی چوار پڕۆژەی ستراتیژیی گەورەیە، كە پێویستە لە خولی سەرۆكایەتیی زەیدیدا پەسەند بكرێن و بچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی كە لەسەری ڕێككەوتوون بریتین لە "پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان: پێكەوەبەستنی بەندەری فاو بە توركیا و ئەوروپا، ڕاكێشانی هێڵی غازی قەتەر لە ڕێگەی خاكی عێراق و توركیاوە بۆ بازاڕەكانی ئەوروپا".
هەروەها سپاردنی پڕۆژەی پەرەپێدانی كیڵگەیەكی غازیی گرنگی پارێزگای ئەنبار بە كۆمپانیای قەتەر ئینێرجی و لەهەمان كاتیشدا دروستكردنی دوو هێڵی سەرەكی بۆ گواستنەوەی نەوتی بەسرە و كەركووك، كە بە خاكی سووریا و ئوردندا تێپەڕ دەبن بەرەو بەندەرەكانی تارتۆس لەسەر دەریای ناوەڕاست و عەقەبە لەسەر دەریای سوور.
ئەم لێدوانانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشێكە لە نەخشەیەكی گەورەتر بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی وزە و گواستنەوە لە ناوچەكەدا.