ساریا عفرین: دیمەشق نەوەك تەنیا یەپەژە بەڵكو تەواوی ژنان رەت دەكاتەوە

:: AM:11:56:30/04/2026 ‌
ساریا عەفرین سەركردە لە یەكینەكانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" باس لەوە دەكات لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ دیمەشق لەسەر بەرجەستەكردنی مافی ژنان بەردەوامن و دەشڵێ‌، "رەتكردنەوەی حكوومەتی سووریا تەنیا بۆ یەپەژە نییە بەڵكو تەواوی ژنان دەگرێتەوە".

ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی نیسان ساریا عەفرین سەركردە لە یەپەژە و ئەندامی شاندی دانوستاندنی هەسەدە لەگەڵ دیمەشق باس لەوە دەكات لەسەر گفتوگۆكانیان لەبارەی یەكخستنی یەپەژە لە چوارچێوەی سوپای سووریا بەردەوامن، دەشڵێ‌، "دەبێت یەپەژە لە چوارچێوەی ئەو هێزانە رێكبخرێت كە لە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستانن".

ساریا عەفرین دەڵێ‌، "رەتكردنەوەی حكوومەتی سووریا تەنیا یەپەژە ناگرێتەوە، بەڵكو بە شێویەەكی گشتی ژن رەت دەكاتەو و بۆیە دەبێت هەوڵ بدرێت مافەكانی ژنان لە دەستووری سووری جێگیر بكرێت".

ئەو سەركردەیەی یەپەژە باسی لەوە كردووە لە دوایین كۆبوونەوە لەگەڵ دیمەشق تاوتوێی دۆسیەی دیلەكان و گیراوەكان كراوە و هەروەها دووپاتیشی دەكاتەوە دیمەشق كێشە بۆ دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەكان دروست دەكات.

لە 29ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ هەسەدە و دیمەشق لەسەر رێكخستنەوەی هێزەكانی رۆژئاوا و سووریا رێككەوتوون، بەڵام تا ئێستە كێشەی یەپەژە چارەسەر نەكراوە، چونكە سووریا دووپاتی دەكاتەوە نابێت هیچ ژنێك لە یەكەكانی سوپا هەبێت.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل