دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆمەڵێک لێدوانی نوێدا دەربارەی پەرەسەندنەکانی پێوەندیی نێوان واشنتۆن و تاران ڕای گەیاند، کە وڵاتەکەی بەرەو سەرکەوتنێکی گەورە هەنگاو دەنێت و سەرکردایەتی ئێران دوای ئەو گورزانەی بەریان کەوتووە، لە بارودۆخێکی شێواودان و تووشی پەرتەوازەیی بوون.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران خواستی بۆ ڕێککەوتن هەیە، بەڵام ئەو پێشنیازانەی تا ئێستا پێشکەشیان کردووە جێگەی ڕەزامەندی نین و دەبێت پێشنیازی گونجاوتر بدەن. وتیشی: "لە ئێستەدا گەرووی هورمزمان بە توندی داخستووە، هەروەها دانوستانەکان بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ لایەنی پاکستانیش لە پێوەندیداین."
لەبارەی دۆخی ناوخۆی تاران، ترەمپ دووپاتی کردەوە کە ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان سەرکردەکانی ئێراندا هەیە و بەهۆی ململانێی ناوخۆییەوە تووشی پشێوی بوون.
هاوکات ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئیتاڵیا و ئیسپانیا گرت و ڕای گەیاند، ئەو دوو وڵاتە پێیان ئاساییە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، کە ئەوەش جێگەی قبوڵکردن نییە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەیش کرد کە پێوەندییان لەگەڵ کۆنگرێس هەیە، بەڵام هیچ کەسێک بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ داوای ڕەزامەندی کۆنگرێسی نەکردووە، هەروەها ئەو مۆڵەتە 60 ڕۆژییەی بۆ کۆتاییهێنان بە کردەوە دوژمنکارییەکان دیاریکراوە، بە کارێکی "نادەستووری" وەسف کرد.
سەبارەت بە هاوكاریكردنی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، ترەمپ گوتی، "كورد ئەو چەكانەیان نەگەیاندووە كە بۆ خۆپیشاندانەرانی ئێرانمان ناردبوو" سەبارەت بە عێراقیش ترەمپ دووپاتی كردەوە ئەمەریكا خۆزیارە پێوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەبێت.