سیپان حەمۆ نهێنیی دەستبەرداربوونی هەسەدە لە چەكدارەكانی ئاشكرا دەكات

:: AM:09:57:02/05/2026 ‌
سیپان حەمۆ یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا، وردەكاریی ڕێككەوتنی تێكەڵكردنی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ناو سوپای وڵاتەكە ئاشكرا دەكات، دووپات لە گەرەنتیكردنی مافی پێكهاتەكان دەكاتەوە.

سیپان حەمۆ ڕای گەیاند، پرۆسەی تێكەڵكردنی هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" لە ناو وەزارەتی بەرگریی دەستی پێ كردووە. تا ئێستە چوار لیوا بە فەرمی تێكەڵ كراون كە لە ناوچەكانی كۆبانێ، حەسەكە، قامیشلۆ و دێریك جێگیر كراون. 

لەبارەی دۆخی عەفرین، حەمۆ ئاماژەی بەوە كرد كە دەستپێشخەرییەك هەیە بۆ ئەو چەكدارانەی خەڵكی عەفرینن و پێشتر لە ڕیزەكانی هەسەدە بوون. بەپێی پلانەكە، دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و لە ناوچەكانی خۆیاندا تێكەڵی دامەزراوە سەربازییەكان ببن، یان "بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی مەدەنی".

یاریدەدەری وەزیری بەرگری نیگەرانیی خۆی لە دواكەوتنی ئازادكردنی گیراوەكانی هەسەدە لەلایەن حكوومەتەوە دەربڕێ، داوای كرد هەموویان بەبێ جیاوازی ئازاد بكرێن. 

هاوكات ئاشكرای كرد كە ڕێككەوتن كراوە كوژراوان و بریندارانی شەڕی داعش، وەك "شەهید و برینداری دەوڵەتی سووریا" بناسرێن و هەموو ماف و بەڵگەنامە فەرمییەكانیان بۆ دابین بكرێت.

حەمۆ ڕوونی كردەوە، ئەو شوێنانەی هێزە نێودەوڵەتییەكان و ئەمەریكا لێیان كشاونەتەوە، ڕاستەوخۆ ڕادەستی سوپای سووریا دەكرێن و بۆ بەرژەوەندیی سەربازیی وڵات بەكار دەهێنرێنەوە. 

دووپاتیشی كردەوە كە سیاسەتی ئێستەی سووریا، دووركەوتنەوەیە لە ململانێ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پاراستنی سەقامگیریی سنوورەكانە.

سیپان حەمۆ داوای لە پێكهاتەكانی كورد و عەرەب كرد یەكگرتوو بن بۆ بنیاتنانی سووریایەكی نوێ. 

ئاماژەی بەوە كرد، پێویستە مافی هەموو پێكهاتەكان و بەتایبەت كورد لە دەستووری نوێی وڵاتدا جێگیر بكرێت، تا ڕێگری لە هەر جۆرە تاكڕەوی و ستەمێكی نوێ لە داهاتوودا بگیرێت.




وشە - سۆران عەزیز