بۆچی ترەمپ كۆتاهاتنی شەڕی لە دژی ئێران راگەیاند؟

:: PM:05:36:02/05/2026 ‌

وەك ئاماژەیەك بۆ دەست پێكردنی شێواز و گۆڕانكارییەكی ریشەیی تەكنیكی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران و گواستنەوەی شەڕی سەربازی بۆ گوشاری ستراتیجی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وەستانی شەڕی لە دژی ئێران راگەیاند، شارەزایان پێیان وایە تێكەڵكردنی كارتە یاسایی و سەربازی و سیاسییەكانە.

دوای شەڕە 40 رۆژییەكەی دژی ئێران، سەرۆكی ئەمەریكا گوشارێكی گەورەی یاسادانانی لە ناوخۆی وڵاتەكەی خرایە سەر، سەبارەت بە دەسەڵاتی هەڵگیرسانی شەڕ، واتە پێویستە بەر لە شەڕە درێژخایەنەكان، دەسەڵات و رێپێدان لە كۆنگرێس وەربگرێت، بۆیە راگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆتاهاتنی شەڕی ئێران، مانۆرێكی یاساییە بە مەبەستی دەرهێنانی چەكی یاسایی لە دەستی نەیارەكانی، راگەیاندنی كۆتاهاتنی شەڕ، دەرگە لەبەردەم لێپرسینەوەی یاسایی لەبارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە دۆخی خۆسازدان دادەخات.  

د. حوسێن ئەبو وەردە شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، لە دوای راگەیاندنەكەی ترەمپ، سەركردەكانی ئێران خۆیان لەبەردەم دۆخێكی نوێ دەبیننەوە، شەرعیەتی پەرەسەندنی دۆخەكەیان بەهۆی بەردەوامیی شەڕ لەبەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ وەرگیرایەوە، جیا لەوەی تا ئێستە لەبەردەم هەردوو بژارەی رووخان و سازان و خۆرادەستكردنن، ئێستە تاران وەك تاكە لایەنی شەڕەكە كە دەستی بە شەڕ و ئاڵۆزی گرتووە دەردەكەوێت، واتە ئەو جموجۆڵەی ئەمەریكا بۆ شەرمەزاركردنی ئێرانە و ناچاركردنیەتی بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانەكان.

لای خۆیەوە هیشام ئەحمەد شارەزای سەربازی دەڵێت، مەبەستی ترەمپ پەكخستنی كایەكانی دەوڵەتی ئێرانە بێ ئەوەی یەك گولەی تر بتەقێنێت، گرەو لەسەر كات دەكات بۆ داخورانی توانا ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی ئێران، ئەوەش وا دەكات راگەیاندنی كۆتاهاتنی شەڕی سەربازی راگەیاندنی دەست پێكردنی شەڕێكی گەورەی ئابووری بێت لە دژی تاران.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل