دوای ئەوەی بیت هیگسیس وەزیری جەنگی ئەمەریكا فەرمانی دا بە كشانەوەی پێنج هەزار سەربازی ئەمەریكی لە ئەڵمانیا لە ماوەی ساڵێك، هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ"، داوای روونكردنەوەی لە ئەمەریكا دەكات، هاوپەیمانیەتییەكە رای گەیاند كە پێوەندی بە واشنتنەوە دەكات بۆ روونكردنەوەی زیاتری بڕیارەكەی سەبارەت بە كشانەوەی هەزاران سەربازی ئەمەریكی لە ئەڵمانیا.
ئەلیسۆن هارت گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی ناتۆ لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، لەگەڵ ئەمەریكا كار لەسەر روونكردنەوەی زیاتر لەبارەی وردەكاریی بڕیارەكەی ئەمەریكا سەبارەت بە كەمكردنەوەی ژمارەی هێزەكانی لە ئەڵمانیا دەكەین، ئەوەش دووپاتی دەكاتەوە كە دەبێت ئەوروپا وەبەرهێنانی زیاتر لە كەرتی بەرگری بكات و بڕی زیاتری بەرپرسیارەتی لە پاراستنی ئاسایشەكەی بخاتە ئەستۆی خۆی.
دوێنێ پنتاگۆن رای گەیاند كە بیت هیگسیس وەزیری جەنگی ئەمەریكا فەرمانی داوە بە كشاندنەوەی پێنج هەزار سەربازی ئەمەریكی لە ئەڵمانیا لە ماوەی ساڵێكدا، كە دەكاتە نزیكەی 15%ی هێزەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی ئەوروپا، لای خۆیەوە بۆریس بیستوریۆس وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رای گەیاند كە بڕیارەكە پێشبینیكراو بوو و دووپاتی دەكاتەوە كە پێویستە وڵاتانی ئەوروپا هەوڵی زیاتر بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان بدەن.