پسپۆرانی ئیسرائیل دووپات لەوە دەكەنەوە، درۆنە چوار پەروانەییەكەی حزبوڵا لە شەڕی دژی ئیسرائیل بەكاری دەهێنێت و بە ڕیشاڵی تیشكی كار دەكات، چەكێكی بكوژ و بەهێزە و بە هیچ شێوەیەك ناتوانرێ بوەستێنرێ و سەرچاوەی هەڵدانی دەستنیشان بكرێت.
تۆڕی
سی ئێن ئێن بڵاوی كردووەتەوە، ئەو درۆنە نوێیەی حزبوڵا بە ڕیشاڵی تیشكی كار دەكات و بە هیچ تۆڕێكەوە پێوەست نییە، تا ئامێرەكانی دروستكردنی ژاوەژاو "تەشویش" بتوانن بیوەستێنن و ڕێگری لەوە بكەن كە بە ئامانجەكەی بگات. بەهۆی نزم فڕینیشیەوە سیستمی بەرگری ناتوانێ بیدۆزێتەوە و بە ئامانجی بگرێت.
پسپۆرانی سەربازی ئیسرائیل بۆ سی ئێن ئێن قسەیان كردووە و دەڵێن، درۆنەكان زۆر بە چالاكی و وردی ئامانجەكان دەپێكن، لەبری ئەوەی ئاماژەی لاسلكیان هەبێت، درۆنەكە لە ڕێگەی كێبڵی ڕیشاڵی تیشكی كۆنترۆڵ دەكرێ و دەفڕێنرێت. كێبڵی ڕیشاڵی تیشكی دەتوانێ بۆ ماوەی 15 كیلۆمەتر یان زیاتر درێژ بكرێتەوە، بەمەیش ڕێ بە كارپێكەری درۆنەكە دەدات كە لە مەودایەكی سەلامەت بمێنێتەوە، جیا لە بەربەستی مادی و بەرجەستەكراو، ئەستەمە بەم ڕێگەیە بتوانرێ ڕێ لەو درۆنانە بگیرێت.
چەكدارانی حزبوڵا هەر درۆنێكی لەمجۆرە بە بۆمبێكی دەستی یان چێنراو پڕچەك دەكەن و لە ئەنجامی ئەوەیش، چەكێكی ورد و دوور لە توانای ڕێگرتن و خستنەخوارەوەی دروست دەكەن، دەتوانن ئامانجەكان لە دژی هێزەكانی ئیسرائیل زۆر بە ئاسانی و بێ كێشە بپێكن.
ئێستە سوپای ئیسرائیل لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی ئەو وڵاتە خەریكن تا ڕێگەیەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمجۆرە درۆنانەی حزبوڵا بدۆزنەوە، تا لەو ڕێگەیەوە بیانخەنە خوارەوە و بتوانن لە ئاسمانەوە بیانپێكن.