لە بەغدا رێگە بە جووتیارانی خۆپێشاندەر نادرێت بچنە بەردەم پەرلەمان

:: AM:11:20:03/05/2026 ‌
جووتیارانی خۆپێشاندەر لە بەغدا بەرەو ناوچەی سەوزی بەغدا دەڕۆن، كەچی هێزە تەناهییەكان رێگرییان لێ دەكەن و ئاوڕشێنیان دەكەن. جووتیاران لە دژی نرخی گەنم ناڕەزایی دەردەبڕن.

ئەمڕۆ یەكشەم سێی ئایار، لە بەغدا خۆپێشاندانێكی گەورەی جووتیارانی عێراق بەڕێوەچوو، لە دژی ئەو نرخە نوێیەی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دانراوە. بەگوێرەی بڕیارێكی نوێ ئەمساڵ حكوومەتی عێراق هەر تۆنێك گەنم بە 750 تا 800 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت. كەچی جووتیاران داوا دەكەن بۆ هەر تۆنێك ملیۆن دینار دیاری بكرێت.

سەرەتا خۆپێشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر دەستیان بە خۆپێشاندان كرد و دواتریش بەرەو ناوچەی سەوزی بەغدا رۆیشتن، بۆ ئەوەی ناڕەزاییەكەیان بە پەرلەمانی عێراق بگەیەنن، كەچی بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاو دەكرێنەوە، كەمێك لەمەوبەر هێزە تەناهییەكانی عێراق پاڵەپەستۆیان بۆ خۆپێشاندەران هێناوە و ئاوڕشێنیان كردوون، بۆ ئەوەی نەچنە ناوچەی سەوزەوە.

دوای رووداوی هێرشەكردنە سەر جووتیاران لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق لە راگەیەنراوێكدا داوا دەكات رێز لە داواكارییەكانی جووتیار بگیرێت و لێكۆڵینەوەیش لەگەڵ هێزە تەناهییەكان بكرێت بۆ شێوازی مامەڵەكردنیان لەگەڵ خۆپیشاندەران.

بەگوێرەی لێدوانێكی پێشووی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر، ئەمساڵ عێراق بەهۆی بارانی زۆرەوە، پێشبینی دەكرێت داهاتی گەنم زۆر بێت و عێراق پێویستی بە هاوردەكردنی نەبێت.
   



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل