وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەكشەم، ڕەزامەندیی لەسەر كڕینی دوو كاروانی تری فڕۆكەی جەنگی جۆری ئێف 35 و ئێف 15 ئای ئەی بە بڕی ملیاران دۆلار دەربڕی.
لیژنەی كاروباری پڕچەككردن لە وەزارەتی بەرگریی
ئیسرائیل، ڕەزامەندیی لەسەر كڕینی دوو كاروانی تری فڕۆكەی جەنگی داوە و لەگەڵ كۆمپانیای لۆكهید مارتنی ئەمەریكی و بۆینگ بۆ ئەو مەبەستە چەند گرێبەستێك واژوو دەكەن.
فڕۆكەی ئێف 35ی ئەمەریكی لە كۆمپانیای لۆكهید مارتن و فڕۆكەی جەنگی ئێف 15 ئای ئەی لە كۆمپانیای بۆینگ دەكڕێت، بەگوێرەی گرێبەستەكانیش بڕی كڕینی ئەو دوو كاروان فڕۆكەیە دەگاتە دەیان ملیار دۆلاری ئەمەریكی.
گرێبەستەكان تەنیا كڕینی فڕۆكە جەنگییەكان نین، بگرە پشتیوانی تەكنیكی و پارچەی یەدەگ و خزمەتگوزاریی لۆجستی پێوەست بە بەكارخستن و چاككردنەوەی فڕۆكەكانیشی لەگەڵدایە.
ئەمە هەنگاوی یەكەمی پلانێكی سوپای ئیسرائیل بۆ بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانی بۆ دەیەی داهاتوو، پێشتر سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگری ڕەزامەندییان لەسەر پلانەكە داوە، كۆی گشتیی تێچووی جێبەجێكردنی پلانەكە دەگاتە 350 ملیار شیكلی ئیسرائیلی.