قالیباف: من رێگەم نەدا سەرۆكی رێكخراوی ئەتۆمی ئێران لە دانوستاندن بەشدار بێت

:: PM:01:50:03/05/2026 ‌
محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، هەندێك وردەكاریی دانوستاندن ئاشكرا دەكات و دەڵێ‌، "من بە بڕیاری رابەر بەشداریم لە گفتوگۆ كردووە و بە شاندی ئەمەریكامان راگەیاندووە، بۆمان نییە گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بكەین، بۆیە پێشتر رێگەم نەدا سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە دانوستاندنی ئیسلام ئاباد بەشدار بێت".

ئەمڕۆ یەكشەم سێی ئایار، ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی هەندێك لێدوانی قالیبافی بڵاو كردووەتەوە، ئەو لێدوانە لە گفتوگۆیەكی پەرلەمانتار موجتەبا زارعی وەرگیراوە كە دیداری قالیبافی كردووە و گفتوگۆی لەگەڵ كردووە. قالیباف روونی دەكاتەوە، بەشداربوون لە دانوستاندن بە خواستی خۆی نەبووە، بەڵكو لەسەر داوای  موجتەبا خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.

قالیباف دەڵێ‌، "بنەمای دانوستاندن بەپێی بڕیاری رابەری كۆماری ئیسلامی بووە و بێ رەزامەندیی ئەو، هیچ دانوستاندنێك یاسایی نییە". دواتریش باس لەوە دەكات بە هیچ شێوەیەك دۆسیەی ئەتۆمی لە كارنامەی گفتوگۆكان نییە، تەنانەت دەڵێ‌، "كاتێكیش لایەنی ئەمەریكا ویستیان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بدوێن، پێیان گوترا ئەمە لەلایەن رابەرەوە قەدەغەیە گفتوگۆی لەسەر بكرێت و بڕیار تەنیا بەدەست ئەوە".

قالیباف باسی ئەوەیش دەكات، رێگری لەوە كردووە سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بەشداری گفتوگۆ بكات. دووپاتیشی دەكاتەوە هەمیشە لە گفتوگۆكان دووپات لەسەر ئەوە كراوەتەوە حزبوڵا و لبنان بەشێكی دابڕاو نین لە دۆسیەی ئێرانەوە.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل