هەزار و 500 خێزانی عەرەب عەفرین چۆڵ دەكەن

:: PM:02:22:03/05/2026 ‌
بڕیارە هەزار و 500 خێزانی عەرەبی ئاوارە كە خەڵكی ناوچەكانی دێرەزوورن و لە عەفرین نیشتەجێ كرابوون، بگەڕێنەوە.

پارێزگاری دێرەزوور و بەرپرسی هەرێمی عەفرین خێرۆ داود، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی وردەكارییەكانی پلانی گەڕانەوە، لەگەڵ نوێنەری بنەماڵە عەرەبەكان لە عەفرین كۆبوونەوە.

 ڕاگەیەنرا كە ئەو خێزانانە لە ماوەی یەك مانگدا هەرێمی عەفرین بەجێدەهێڵن، لە ڕێگەی كاروانی ئاساییەوە بەرەو پارێزگای دێرەزوور دەڕۆن.

بۆ ئاسانكاریی ئەم پرۆسەیە، حكوومەت پلانێكی دارایی ئامادە كردووە. بەگوێرەی ئەم پلانە بۆ دابینكردنی تێچووی گەڕانەوەیان و ڕێكخستنەوەی ژیانیان لە دێرەزوور، هاوكاریی دارایی ئەو خێزانانە دەكرێت. ئەم هەنگاوە وەك هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزییە دیمۆگرافییەكان لە عەفرین سەیر دەكرێت.

هەرێمی عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان لە ساڵی 2018 لەلایەن سوپای توركیا و میلیشیا داگیركەرەكانی بەكرێگیراوی توركیاوە داگیر كرا. لەو كاتەدا سەتان هەزار كوردی ڕەسەن ناچار بوون زێدی خۆیان بەجێبهێڵن و ئاوارە بوون و لە شوێنی ئەوان، خێزانە عەرەبەكانی پارێزگاكانی وەك دێرەزوور، خووتە، حومس و حەلەب جێگیر كران.

لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییەی سووریا، لەلایەك شەپۆلێكی نوێی گەڕانەوەی كورد بۆ عەفرین دەستی پێ كردووە، لەلایەكی تریشەوە عەرەبە هاوردەكان دەستیان بە چۆڵكردنی ماڵ و موڵكی كورد كردووە. 

چاودێران دەڵێن، گەڕانەوەی ئەو هەزار و 500 خێزانە دەبێتە سەرەتای پرۆسەیەكی فراوانتر، بۆ ئەوەی جارێكی تر ناسنامەی ڕەسەنی هەرێمی عەفرین بپارێزرێت.



وشە - سۆران عەزیز