ترەمپ شەش مانگی چارەنووسسازی لەپێشە

:: PM:08:16:03/05/2026 ‌

دوای شەش مانگی تر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رووبەڕووی هەڵبژاردنێكی یەكلاكەرەوەی پەرلەمانی دەبێتەوە، تیایدا ئەمەریكییەكان ئاراستەی دوو ساڵی كۆتایی دووەم ماوەی سەرۆكایەتیی ئەو دیاری دەكەن، لەوكاتەی ترەمپ چاوی لە بردنەوە و پارێزگاریكردن لە زۆرینەی كۆمارییەكانە لە پەرلەمان بۆ تەواوكردنی بەرنامەكەی، دیموكراتەكان چاویان لە بردنەوە و بەدەستهێنانی زۆرینەیە بۆ دەست پێكردنی هەوڵی لادانی و دروستكردنی بەربەست بۆ سیاسەتەكانی لە كۆنگرێس. 

لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا كە ژمارەیان 435 ئەندامە دێنە هەڵبژاردن، جیا لە سێیەكی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران، واتە 33 ئەندام لە كۆی 100 ئەندامی ئەنجوومەنەكە، میندی رۆمبیرۆ شارەزا دەڵێت، هەڵبژاردنی نیوەیی دەبێتە ساتێكی جومگەیی بۆ كۆمارییەكان و دیموكراتەكان، بۆ دیموكراتەكان تەنیا گرنگ نییە كۆنترۆڵی كۆنگرێس بەدەست بێننەوە، بەڵكو لەوە زیاتر باسی ئەوە دەكەن كە ترەمپ و كۆمارییەكان بوونەتە هەڕەشەیەكی مان و نەمان بۆ ئەمەریكا.

ئێستە كۆماریەیكان خاوەنی زۆرینەیەكی بچووكن لە هەردوو ئەنجوومەنەكە، پێشتر ئەو هەڵبژاردنە لە بەرژەوەندیی پارتی سەرۆك نەبووە، بۆیە ئاسۆیەكە بۆ كۆمارییەكان تاریكە، بەتایبەتی لە سایەی راپرسییەكان كە باسی بێزاری و توڕەیی جەماوەری تا ئەوپەڕی ئاست لە ترەمپ دەكەن.

جولیا ئازاری مامۆستای زانكۆ دەڵێت، ترەمپ زۆرێك لە بنكەی جەماوەری لەدەست داوە، زۆرێك لە ئەمەریكییەكان پێیان وایە ئەو نەیتوانیوە دۆخی داراییان باش بكات، كە گەورەترین بەڵێنی هەڵبژاردنی بوو، جیا لەوە شەڕی ئێران پاڵپشتیی جەماوەریی نییە، كە بووەتە هۆی زیادبوونی نرخی بەنزین، بەهۆی سیاسەتە توندەكانی بەرانبەر بە كۆچبەران رووبەڕووی سەركۆنەكردن هاتووەتەوە، دەبێت لەو هەڵبژاردنە یەكێك بیباتەوە، بۆیە رەنگە ئەوە ببینین كە خەڵكەكە كە نارازیشن لە دیموكراتەكان، بەڵام دەنگ بەوان بدەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل