میدیاكانی نێودەوڵەتی بڵاویان كردەوە، فڕۆكەی سەرۆكایەتیی حكوومەتی ئیسپانیا لەو كاتەی لە ڕێگە بوو بەرەو یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا، بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكی ناچار بووە بە پەلە لە ئەنكەرە بنیشێتەوە.
فڕۆكەكە پیدرۆ سانچێزی سەرۆك وەزیرانی
ئیسپانیای هەڵگرتبوو و بە گەشتێكی فەرمی بۆ یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا لە ڕێگەدا بوو، لەوكاتەی تووشی كێشەی تەكنیكی بوو، بە ناچاری و بە پەلە لە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا نیشتوونەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی ئەمینداریەتیی گشتیی پێوەندییەكان لە توركیا، بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكی چاوەڕواننەكراوەوە، ئەو فڕۆكەیەی سانچێزی هەڵگرتبوو، بە خێرایی و بە ناچاری لە فڕۆكەخانەیەكی ئەنكەرە نیشتووەتەوە.
بەهۆی كێشە تەكنیكییەوە و كاتی پێویست بۆ چاككردنەوەی، سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا و شاندی یاوەری شەوی ڕابردوو لە ئەنكەرە ماونەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم بەرەو یەریڤان بكەونە ڕێ.
ئامانجی سەردانەكەی سانچێز بۆ یەریڤان، بەشداریی بوو لە لووتكەی هەشتەمی گرووپی سیاسەتەكانی ئەوروپا كە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم لە ئەرمینیا دەست بە كارەكانی بكات.