فەرماندەی خاتەمولئەنبیا: هەر هێزێكی سەربازیی بیانی لە هورمز دەكەینە ئامانج

:: AM:09:47:04/05/2026 ‌
فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیای كۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆشداریی لە ڕۆیشتنی كەشتی بە گەرووی هورمز بێ هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ هێزەكانی ئێران دا. دووپاتیشی كردەوە كە هاتنی هەر هێزێكی سەربازیی بیانی بۆ ناو گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە دەكرێنە ئامانج.

لیوا عەلی عەبدوڵاهی فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی داوە، تێپەڕینی هەر كەشتییەك بە گەرووی هورمز بێ هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ هێزە چەكدارەكانی ئێران ڕێگەپێدراو نییە و هۆشداریشی بە كەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەكان دا، كە هەنگاو بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە چەكدارەكانی ئێران نەنێن.

زیاتر گوتی، ئێران گەرووی هورمز دەپارێزێت و بەڕێوەی دەبات بە هەموو تواناكانی خۆیەوە، سوپای ئەمەریكا و هەر هێزێكی چەكداری بیانی تر ڕووبەڕووی هێرشی هێزەكانی ئێران دەبنەوە، ئەگەر بیانەوێ نزیك ببنەوە یان بێنە ناو گەرووی هورمزەوە.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، پشتیوانانی ئەمەریكا پێویستە وریا بن، تا دواتر ڕووبەڕووی پەشیمانییەك نەبنەوە و نەتوانن دۆخەكە چاك بكەنەوە. هێزەكانی ئەمەریكایشی لە ناوچەكە بە دزی و تاڵانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەكان تۆمەتبار كرد.

ئەو هەڕەشەیەی فەرماندەی خاتەمولئەنبیا لە كاتێكدایە، ترەمپ فەرمانی بە فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە، كە كەشتییە گیرخواردووەكان لە كەنداو و گەرووی هورمز لە ئۆپراسیۆنێكدا ڕزگار بكەن، بۆ ئەو مەبەستەیش بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم ئۆپراسیۆنەكە بە بەشداری 100 فڕۆكەی جەنگی و 15 هەزار سەربازی ئەمەریكی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د