رۆژنامەیەكی عێراقی: سوودانی و مالیكی كودەتایان بەسەر عەبادی كرد

:: PM:01:37:04/05/2026 ‌
رۆژنامەی عالەم جەدید ئاشكرای دەكات، رۆژێك بەر لە كاندیدكردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگ حەیدەر عەبادی كاندید بووە، كەچی چەند سەعاتێك دواتر سوودانی و مالیكی رێككەوتوون و عەلی زەیدییان كاندید كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم چواری ئایار، رۆژنامەی عالەم جەدید زانیاریی ئەوەی بڵاو كردووەتەوە، رۆژی یەكشەمی رابردوو 26ی نیسان، لە كۆبوونەوەیەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە، بە كۆی دەنگ بڕیار دراوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشتر و سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو. 

دوای تەواوبوونی دەنگدان، نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كە خۆی كاندید بوو بۆ پۆستەكە، داوای لە ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كردووە پەلە نەكەن لە راگەیاندنی بڕیاری كاندیدكردنی حەیدەر عەبادی و 24 سەعات بوەستن. ئەو كاتە كۆبوونەوەكە تەواو دەبێت و حەیدەری عەبادی وەك كاندید كۆبوونەوەكە جێدەهێڵێت.

لە ماوەی ئەو 24 سەعاتەدا نووری مالیكی و سوودانی بە ئامادەبوونی فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراقدا، كۆ دەبنەوە و لەسەر عەلی زەیدی رێك دەكەون، ئینجا واژووی بۆ كۆ دەكەنەوە، كۆبوونەوەیەكی تر ئەنجام دەدرێت، حەیدەر عەبادی تووشی سەرسوڕمان دەبێت كاتێك ناوێكی تر دەبینێ‌، بۆیە كۆبوونەوەكە جێدەهێڵێت و لە دوای ئەویش ئەبوئالا وەلائی و ئینجام هومام حەموودی ناڕەزایی دەردەبڕن، ئەوانیش كۆبوونەوە جێدەهێڵن. 

كاتێك لە 27ی مانگ دەقی بڕیاری كاندیدبوونی عەلی زەیدی بڵاو كرایەوە، لە كۆی 12 ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، تەنیا نۆ كەس واژوویان كردووە، واژووی هەریەكە لە عەبادی و وەلائی و حەموودیی لەسەر نییە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی عالەم جەدیدیش كە ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، لە كاتی كاندیدبوونی زەیدی، ئەو سێ‌ ناوە بە تووڕەبوون كۆبوونەوەیان جێهێشتووە، بەڵام وەلائی و حەموودی دواتر گەڕاونەتەوە و تەنیا عەبادی لە كاندیدبوونی زەیدی رازی نییە.

مالیكی یان سوودانی پێشنیاری زەیدییان كردووە؟

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی كاربەڕێكەر و سەرۆكی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە، پێوەندیی بە عەلی زەیدی هەیە و تەنانەت عەلی زەیدی بەشێوەیەكی گشتی لە سەردەمی سوودانی دەركەوتووە، براكەی زەیدی پەرلەمانتاریش لەسەر لیستی هاوپەیمانییەكەی سوودانی. لەگەڵ ئەوەشدا عالەم جەدید باس لەوە دەكات نووری مالیكی پێوەندییەكی پێشینەی لەگەڵ كەسوكاری زەیدی هەبووە، لەوان ئیبتهال زەیدی كە ژنێكە و لە حكوومەتی مالیكی وەزیری دەوڵەت بووە بۆ مافەكانی مرۆڤ.

رۆژنامەی عالەم جەدید باسی لەوەیش كردووە، بەگوێرەی سێ پێوەر، حەیدەر عەبادی بەر لە زەیدی كاندید كراوە، پێوەرەكانیش ئەوەیە لە ئاستی نیشتمانی قبووڵكراوە، هەروەها مەرجەعییەتی باڵای شیعە پەسندی دەكات و لە ئاستی نێودەوڵەتیش پەسند كراوە، بەڵام بەهۆی رێككەوتنێكی سیاسی زەیدی كاندید دەكرێت و عەبادی دوور دەخرێتەوە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل