ترەمپ بە نیازی چییە بۆ گەرووی هورمز؟

:: PM:05:22:04/05/2026 ‌

دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەمەوە دەست بە جێبەجێكردنی پلانێك بۆ ئازادكردنی كەشتییە گیرخواردووەكان لە گەرووی هورمز دەكەن، فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكاش دووپاتی كردەوە كە بە 100 فڕۆكەی جەنگی و 15 هەزار سەرباز بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە ئامادەن.

ترەمپ لە لاپەڕەی خۆی لە ترووس سۆشیال نووسیویەتی، لە بەیانی دووشەمەوە دەست بە جێبەجێكردنی پلانێك بۆ ئازادكردنی كەشتییە گیرخواردووەكان لە گەرووی هورمز دەكەین، ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"، دووپاتی كردەوە كە پلانەكە ئەوە نییە كەشتییە جەنگییەكان هاوەڵی هەر كەشتییەك بە جیا بكەن، بەڵكو كاری ئەوان چاودێریی دۆخەكە دەبێت و هەر شتێك رووبدات دەست دەكەنەوە.

زیاتر گوتی، هەروەها هێزەكانی ئەمەریكا زانیاری لەبارەی رێڕەوە سەلامەتەكان لە گەرووەكە كە مینیان تیادا نەچێنراوە بە كەشتییە بازرگانییەكان دەدەن، ئەوە لەوكاتەی فەرماندەی ناوەندی ئەمەریكا پاڵپشتیی خۆی بۆ پلانەكەی ترەمپ بە ناوی "پڕۆژەی ئازادی"، دووپات كردەوە و لە بەیاننامەیەك رای گەیاند كە بە هێزێكی پێكهاتوو لە زیاتر لە 100 فڕۆكەی جەنگی و 15 هەزار سەرباز بە مەبەستی دابینكردنی رێڕەوێكی هاتوچۆی سەلامەت بۆ كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز ئامادەن.

لەوكاتەی ئێران لە یەكەم كاردانەوەی بەرانبەر بە پلانەكەی سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە پێشێلكاریی ئاگربەستە كاتییەكەیە، شارەزایان پێیان وایە هەر وەڵامدانەوەیەكی گریمانكراوی سەربازیی ئێران بۆ پلانەكەی ئەمەریكا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە و گەڕانەوە بۆ بازنەی شەڕ، لەوكاتەی واشنتن لە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێكی نێودەوڵەتی بۆ دابینكردنی سەلامەتی بۆ هاتوچۆی دەریایی بە گەرووی هورمز بەردەوامە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل