توێژەرێك: پاڵپشتیكردنی ترەمپ بۆ زەیدی بۆ شەش مانگە

:: PM:09:35:04/05/2026 ‌

هەفتەی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كتوپڕ عەلی زەیدی وەك كاندیدی چوارچێوەكە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران راگەیاند و بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق هاتە راسپاردن، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا یەكێك بوو لەو سەركردانەی پاڵپشتیی خۆی لە راسپاردنی زەیدی راگەیاند، ئەوەش نیشانەی پرسیاری دروست كرد، توێژەرێك باسی هۆكارەكەی دەكات و دووپاتی كردەوە كە پاڵپشتیی ترەمپ بۆ زەیدی بۆ شەش مانگە.

نزار حەیدەر بەڕێوەبەری ناوەندی عالەمی عێراقی لە واشنتن لەبارەی هۆكاری خوازراویی عەلی زەیدی لای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێت، سەرۆكی ئەمەریكا بە توندی پاڵپشتی لە زەیدی دەكات، ئەوان سێ خاڵی هاوبەشیان هەیە، یەكەم/ زەیدی لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و حزبیی كۆن و ئۆپۆزسیۆن و حكوومەت لە عێراق هاتووە.

زیاتر گوتی، دووەم/ سروشتی ئابوورییانەی هەردووكیان، ترەمپ زەیدی بە كارساز وەسف كرد و ئەو لایەنگری ئەو سەركردانەیە كە پاشخانی ئابووری و بازرگانییان هەیە، سێیەم/ زەیدی هەوڵ دەدات عێراق لە رێگەی فەرمانە دیوانییەكان بەڕێوە ببات، واتە پەرلەمان تێپەڕ بكات، ئەوەش هاوشێوەی شێوازی كاركردنی ترەمپە.

حەیدەر روونی كردەوە، پاڵپشتیكردنی ترەمپ بۆ زەیدی بۆ شەش مانگە، یان لەوەی خۆی بە جێبەجێكردنی لەكاتی پێكهێنانی حكوومەتەكەی پابەند كردووە سەركەوتوو دەبێت، یان شكست دێنێت و رەشەباكە روو لە عێراق دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل