فراكسیۆنی سۆیانا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق كۆ بووەوە و داوای بەشی مەسیحییەكانی لە كابینەكەی عەلی زەیدی كرد، بەڵام ئەو پێی گوتوون، ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی ئەودا نییە.
كلدۆ رەمزی سەرۆكی فراكسیۆنی سۆیانا لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، ئێوارەی دوێنێ سێشەم لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق كۆبوونەتەوە، داوای گەرەنتیكردنی مافی مەسیحییەكان و بەركەوتەی فراكسیۆنەكەیان لە حكوومەتی داهاتوودا كردووە.
فراكسیۆنی سۆیانا گەورەترین فراكسیۆنی مەسیحییە لە پەرلەمان و پشكی مەسیحییەكان لە حكوومەت نوێی عێراق بە مافی خۆیان دەزانن.
بەڵام وەڵامی عەلی زەیدی بە دڵی فراكسیۆنەكە نەبووە و پێی گوتوون، ئەو بابەتە لای لیژنەی دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكانە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، فراكسیۆنی سۆیانا ناچارە لەگەڵ ئەوانیش كۆ ببێتەوە و پێداگریی لە مافی مەسیحییەكان بكات.
عەلی زەیدی پاڵپشتی خۆی بۆ سەرجەم مافەكانی مەسیحییەكان دەربڕیوە، بەڵام پێی گوتوون ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی ئەودا نییە.
مەسیحییەكان لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی پێنج كورسین، فراكسیۆنی سۆیانا سێ كورسی هەیە و تا ئێستە هیچ پۆستێكی پێ نەدراوە، فراكسیۆنی بابلیۆنیش دوو كورسیی هەیە، پۆستێكی لە پەرلەمان پێدراوە، بەو پێیەی بابلیۆن سەربە شیعەكانن، مەترسی هەیە بەدوو كورسییەوە بەشی مەسیحییەكان حكوومەتیش بەرێت.