توركیا دروستكردنی مووشەكێكی كیشوەربڕی ڕاگەیاند

:: PM:01:13:06/05/2026 ‌
وەزارەتی بەرگریی توركیا و میدیاكانی ئەو وڵاتە ئاشكرایان كرد، توانیویانە مووشەكێكی كیشوەربڕ كە دەتوانێ دووریی شەش هەزار كیلۆمەتر ببڕێت، دروست بكەن و بیخەنە خزمەتی هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەوە.

مووشەكەكە ناوی "یلدریمهان"ە و لەلایەن ناوەندی توێژینەوە و گەشەپێدانی سەربە وەزارەتی بەرگری دروست كراوە، بە سووتەمەنیی ئۆكسیدی نایترۆجین كار دەكات و چوار بزوێنەری هەیە. ئەو مووشەكە دەتوانێ تا دووریی شەش هەزار كیلۆمەتر بڕوات و خێراییەكەیشی دەگاتە 25 ماخ.

ئاژانسی پیشەسازی بەرگریی توركیا لەوبارەیەوە ڕای گەیاند، توركیا ئێستە پێگەی خۆی جێگیر كردووە لە بەرهەمهێنانی مووشەكی بالیستیكی كیشوەربڕ، كە ژمارەیەكی زۆر كەمی وڵاتان توانایان هەیە لەمجۆرە مووشەكانە بەرهەم بهێنن.

پرۆسەی ڕاگەیاندنی دروستكردن و بەرهەمهێنانی مووشەكەكە، لە بەردەم ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە و وەزیری بەرگری یەشار گولەر لە پێشانگەی ساها ئەنجام درا، كە پێشانگەیەكی گەورەی چەك و كەلوپەلی سەربازی و بەرگرییە لە شاری ئیستانبوڵ.

یەشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا لەبارەی مووشەكەكەوە گوتی، زۆر ورد و بەهێزە و بەگوێرەی پێوەرەكانی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" بەرهەم هێنراوە، توانای سەربازیی سوپاكان زۆر زیاتر دەكات، تێچووی بەرهەمهێنانیشی زۆر كەمترە بە بەراورد بە هاوشێوەكانی كە وڵاتانی تر بەرهەمیان هێناوە.

زیاتر گوتی، لەم چەرخەدا كە تێچووی ئابووری بووەتە چەكێكی بێ وێنە، توركیا تەنیا سیستمی چەكی پێشكەوتوو بە هاوپەیمانەكانی نادات، بەڵكو تەكنەلۆجیا و ئابوورییەكی جێگیر و تەناهـ دەخاتە خزمەتی هاوپەیمانەكانیەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د