ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ دەبێتەوە

:: PM:04:40:06/05/2026 ‌

لە ماوەی دوو هەفتەی دوایی جموجۆڵێكی چالاك و بەپەلە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقی گرتەوە، دوای مشتومڕێكی چەند مانگی، كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری كرا و راستەوخۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق هاتە راسپاردن و بڕیارە هەفتەی داهاتوو متمانەی پێ بدرێت، بڕیارە ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بۆ باسكردنی چەند پرسێكی گرنگ كۆ ببێتەوە.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژەی كرد، ئەمشەو سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بۆ باسكردنی پێكهاتەی كابینەی حكوومەتی نوێ و هەناردەكردنی نەوت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ناوەندگیری لە نێوان ئەمەریكا و ئێران كۆ دەبنەوە.

بەپێی سەرچاوەكە كۆبوونەوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی لایەنە شیعەكان كە لە ماڵی موحسین مەندەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی ئەساس بەڕێوە دەچێت، بۆ یەكلاكردنەوەی خاڵەكانی بەرانبەر هەر وەزارەتێكە، بەتایبەتی وەزارەتە سەروەری و خزمەتگوزارییەكان و چۆنیەتی دابەشكردنیان، دوای ئەوە باسی پۆستە ویزارەییەكان دەكرێت بۆ یەكلاكردنەوەیان لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوو و پێشكەشكردنی بۆ زەیدی بۆ خستنەڕووی لە پەرلەمان و دەنگدان لەسەری لە هەفتەی داهاتوو.

سەرچاوەكە ئاماژەی كرد، لە كۆبوونەوەی ئەمشەو سەركردەكانی چوارچێوە دوایین تێبینییەكان لەبارەی كابینەی حكوومەت تاوتوێ دەكەن، دووەم دۆسیەش بریتییە لە هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا و دیاریكردنی میكانیزمی هەناردن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەو بارەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا، دۆسیەكی تر كە ئەمشەو باس دەكرێت، رۆڵی عێراق لە ناوەندگیریكردن لە نێوان ئێران و ئەمەریكا بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل