دوور لەو بینەوبەردەی لە راگەیاندنەكان هەیە، ئێران و ئەمەریكا بەر لە چوونە ناو گەڕێكی تری دانوستانەكان و رێككەوتن، دەیانەوێ لەسەر رەشنووسێك بۆ كۆتاهێنان بە ئاڵۆزییەكان رێك بكەون، لە ماوەی رابردوو ئەمەریكا چەند پێشنیازێكی بە ئێران دا و ئێرانیش بە هەمان شێوە، بەڵام هیچیان بەوەی یەكتر رازی نەبوون، دواجار ئەمەریكا پێشنیازێكی بە تاران داوە و تارانیش دەڵێت بەم نزیكانە وەڵام دەدەنەوە.
ئەمڕۆ چوارئەم
ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی "ئێسنا"ی ئێرانی گوتی، تا ئێستە پێشنیازە نوێكەی ئەمەریكا لە تاوتوێكردندایە لە لایەن ئێران و دوای پێداچوونەوەی، وەڵامی خۆمان دەدەینە پاكستان.
پێشتر پێگەی ئەكسیۆسی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە كە ئەمەریكا و ئێران لە رێككەوتن نزیك بوونەتەوە و واشنتن چاوەڕوان دەكات ئێران لە 48 سەعاتی داهاتوودا وەڵامی سەرنج و تێبینییەكانی بداتەوە و دواتر رێوشوێنی گەیشتن بە رێككەوتن دەگیرێتە بەر.
سەرچاوەیەكی پاكستانیش ئەو زانیارییانەی پشتڕاست كردەوە و گوتی، هەوڵەكانمان بەردەوامن و هەردوولا نزیكن لە گەیشتن بە رێككەوتن، رەشنووسی رێككەوتنەكەش لە یەك لاپەڕە پێك هاتووە و تێیدا كۆتایی بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنێت، كۆتایی دۆخەكە زۆر نزیكە و لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا ئەوە دەبینین.
لە لایەكی تر ئەمڕۆ چوارشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە پەیامێكدا رای گەیاند، دەبێت ئێران بەو مەرجانە لەسەری رێككەوتووین رازی بێت، بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، گەمارۆی سەر گەرووی هورمز هەڵدەگیرێت و گەرووەكە بە رووی هەموو وڵاتان و ئێرانیش دەكرێتەوە.