پەرلەمانتارێك: هەفتەی داهاتوو زەیدی ناوی 14 وەزیر پێشكەش دەكات

:: PM:05:21:06/05/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە زیاتر لە نیوەی كابینەكە یەكلا بووەتەوە و هەندێكیان كێشەیان لەسەر ماوە، جیا لە پشكی میلیشیاكان، پەرلەمانتارێك پێشبینی دەكات هەفتەی داهاتوو عەلی زەیدی كابینەی حكوومەتەكەی بە ناتەواوی پێشكەش پەرلەمان بكات.

شاكر مەحموود تەمیمی ئەندامی فراكسیۆنی رێكخراوی بەدر گوتی، رۆژانی یەكشەم یان دووشەمی هەفتەی داهاتوو، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو ناوی 14 وەزیر پێشكەش پەرلەمان دەكات بۆ دەنگدان لەسەریان، بەو پێیەی لە دوای كۆتاهاتنی وەرزی حەج كابینەكەی تەواو بكات، چونكە زۆرێك لە پەرلەمانتارانی عێراق گەشتی حەج دەكەن.

زیاتر گوتی، ئەو وەزارەتانەی هەفتەی داهاتوو زەیدی پێشكەشیان دەكات، هی هێزە سیاسییە جیاجیاكانە نەك تەنیا چوارچێوەی هاوئاهەنگی، واتە هی سوننە و كوردیش.

ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژەی كرد، ئەمشەو سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بۆ باسكردنی پێكهاتەی كابینەی حكوومەتی نوێ و هەناردەكردنی نەوت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ناوەندگیری لە نێوان ئەمەریكا و ئێران كۆ دەبنەوە.

بەپێی سەرچاوەكە كۆبوونەوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی لایەنە شیعەكان كە لە ماڵی موحسین مەندەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی ئەساس بەڕێوە دەچێت، بۆ یەكلاكردنەوەی خاڵەكانی بەرانبەر هەر وەزارەتێكە، بەتایبەتی وەزارەتە سەروەری و خزمەتگوزارییەكان و چۆنیەتی دابەشكردنیان، دوای ئەوە باسی پۆستە ویزارەییەكان دەكرێت بۆ یەكلاكردنەوەیان لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوو و پێشكەشكردنی بۆ زەیدی بۆ خستنەڕووی لە پەرلەمان و دەنگدان لەسەری لە هەفتەی داهاتوو. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل