هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق زۆر بەخێرایی بەڕێوە دەچێت، بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر زۆرینەی كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی بدرێت، ئەوەش بەهۆی گەشتی بەشی زۆری پەرلەمانتارانی عێراق بۆ حەج و هاتنی پشووەكانی جەژنی قوربان، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئەمڕۆ یان سبەی كارنامەی حكوومەتی نوێیان بەدەست دەگات.
لەوكاتەی بڕیارە ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ ببێتەوە و ناوی وەزیرەكانی لە لایەن لیژنەیەكی چوارچێوەكە یەكلا كراونەتەوە بدرێتە زەیدی، جیا لە كارنامەی حكوومەتەكەی بۆ پێشكەشكردنی بۆ پەرلەمان، ئەمڕۆ چوارشەم لە میانی دانیشتنێكی ئاسایی
پەرلەمانی عێراق دووپات كرایەوە كە ئەمڕۆ یان سبەی پێنجشەم كارنامەی حكوومەتی نوێی عێراق لە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو رادەستی پەرلەمان دەكرێت بۆ دابەشكردنی بەسەر ئەندامان بۆ تاوتوێكردنی بەر لە دەنگدان لەسەری.
دووشەمی رابردوو فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەك رای گەیاند كە هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێكی ئاسایی پەرلەمان رای گەیاندووە، لە كۆتایی ئەم هەفتەیە پەرلەمان كارنامەی حكوومەتی نوێی عێراق لە عەلی زەیدییەوە رادەست دەكرێت، كە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ راسپێردراوە، بۆ تاوتوێكردنی لە لایەن هەردوو لیژنەی پلاندانانی ستراتیجی و كارنامەی حكووم، هەروەها بڕیارە هەفتەی داهاتوو ناوی ئەندامانی كابینەی ویزاریی حكوومەتی نوێ بخرێتە روو بۆ دەنگدان لەسەری لە پەرلەمان.