سارکۆزی سەرۆکی پێشووتری فڕەنسا بە مەرج ئازاد کرا

:: PM:11:17:06/05/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایاری 2026، نیکۆلا سارکۆزی سەرۆکی پێشووتری فڕەنسا، ئازادکردنی مەرجداری لە دۆسیەی پارەدارکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ساڵی 2012ـدا بەدەست هێنا، ئەوەش وەک ئەوەی ڕادیۆی (RTL) لە زاری سەرچاوەیەکی دادوەرییەوە بڵاوی کردووەتەوە.

ڕادیۆکە دووپاتی کردەوە کە سارکۆزی (71 ساڵ) بازنەی ئەلیکترۆنیی چاودێری نابەستێت کە بڕیار بوو بۆ ماوەی شەش مانگ بەکاری بهێنێت. ڕوونیشی کردووەتەوە کە لە سبەی پێنجشەم حەوتی ئایارەوە، سەرۆکی پێشووتر بەهۆی تەمەنییەوە مافی ئازادکردنی مەرجداری پێ دراوە.. بۆیە بازنە ئەلیکترۆنییەکە نابەستێت.

پێشتر سارکۆزی هەوڵی دابوو لە ڕێی دادگاوە خۆی بەدوور بگرێت لە بەستنەوەی بازنە ئەلیکترۆنییەکە، ئەویش بە تێکەڵکردنی ئەو سزایانەی لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بەسەریدا سەپێنرابوون. لە ساڵی 2025ـدا، کەمێک زیاتر لە سێ مانگی بە بەستنی ئامێرەکەوە بەسەر برد، کە ئەوەش پێش وادەی خۆی لێی کرایەوە هەر بەهۆی تەمەنییەوە.

لە تشرینی دووەمی 2025، دادگای پێداچوونەوە سزای سارکۆزی لە دۆسیەی ناسراو بە "پیگمالیۆن" پشتڕاست کردەوە کە بریتی بوو لە شەش مانگ زیندانیکردن لەگەڵ ڕاگرتنی جێبەجێکردن (تەنفیذ)، شەش مانگیش بە بازنەی ئەلیکترۆنییەوە، لەگەڵ غەرامەیەک بە بڕی 3750 یۆرۆ.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەک ڕۆژنامەی "وێست فرانس" بڵاوی کردووەتەوە، لە مانگی ئاداری ڕابردوودا دادگا تانەکەی سەرۆکی پێشووتری ڕەت کردەوە، دواتریش بڕیاری دا تانە لەو بڕیارە نەدات، بەڵکوو داواکارییەک بۆ بەدەستهێنانی ئازادکردنی مەرجدار پێشکەش بکات.

سارکۆزی لە ساڵی 2021ـدا لە پلەی یەکەمی دادگاییکردنی "پیگمالیۆن" سزای بەسەردا سەپێنرا. بەپێی تۆمەتەکان، سارکۆزی بڕی 42.7 ملیۆن یۆرۆی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ساڵی 2012 خەرج کردووە، لە کاتێکدا بڕی ڕێگەپێدراو 22.5 ملیۆن یۆرۆ بووە. هەروەک لە بڕیارەکەدا هاتووە، سەرباری ئەوەی سارکۆزی دەیزانی زۆرترین ڕێژەی خەرجی کە لە یاسادا هاتووە چەندە و هۆشداریشی پێ درابوو لە ئەگەری تێپەڕاندنی، بەڵام بەردەوام بوو لە ڕێکخستنی گردبوونەوەکانی هەڵبژاردن.


وشە - پۆڵا مەحموود