ئەمەریكا ڕێكخراوی ئیخوان موسلیمینی خستە لیستی تیرۆرەوە

:: AM:11:10:07/05/2026 ‌
كۆشكی سپی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ستراتیجی واشنتنی بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆر بۆ ساڵی 2026 بڵاو كردەوە، تێیدا ڕێكخراوی ئیخوان موسلیمین وەك ڕێكخراوێكی پێوەست بە كردەی توندڕۆیی ناو بردووە و لكاندوونی بە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی تری وەك قاعید و داعش.

كۆشكی سپی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی داوە كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، تەواوی ڕێكخراوە توندڕۆ نوێیەكان لە قاعیدەوە بۆ داعش و بۆ حەماس، ڕەگوڕیشەیان بۆ یەك شوێن دەگەڕێتەوە كە ئەویش ڕێكخراوی ئیخوان موسلیمینە.

ئاماژەی داوە، بە ڕوانین لەو ڕۆڵە میحوەرییەی كە ڕێكخراوی ئیخوان لە هاندانی تیرۆری نوێ دەیگێڕێت، تەواوی لقەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوە وەك ڕیكخراوێكی تیرۆریستی بیانی دەناسێنین، تا ڕووبەڕووی چالاكییەكانیان ببینەوە.

هێما بۆ ئەوەیش كردوە، دانانی ئیخوان وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی، دەچێتە خزمەتی بەردەوامی گوشار خستنە سەر تۆڕە نێودەوڵەتییەكانی ئەو گرووپە، ڕێگرتن لە بە سەربازكردنی زیاتر و پارەداركردنی توندڕۆكان لە دژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

لە بەڵگەنامەكەی ئەمەریكادا هاتووە، واشنتن سەتان چەكداری توندڕۆی لە چەندان وڵات دیاری كردووە و سەرنجی زۆریشی لەسەر پێنج گرووپی تیرۆریستی چڕ كردووەتەوە، كە ئەگەری ئەوە هەیە كردەی تیرۆریستی لە دەرەوە لە دژی ئەمەریكا ئەنجام بدەن.

لە بەشێكی تری ستراتیجەكەدا هاتووە، ئەوروپا مۆڵگەی هەڕەشە تیرۆریستییەكانە، بە تایبەت  وەك گرووپەكانی قاعیدە و داعش كە سنوورە دەریاییەكانی ئەوروپایان بڕیوە، توانیویانە ئەوروپا بكەنە ژینگەیەكی ئاسان بۆ پیلانگێڕان دژی ئەوروپییەكان و ئەمەریكییەكان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د