دوای ئەوەی دوێنێ لە رێگەی هێرشێكی ئیسرائیل لە كەرتی غەزەی فەلەستین، پێنج كەس كوژران و ژمارەیەكیش بریندار بوون، یەك لە بریندارەكان كوڕێكی تری خەلیل حەیە فەرماندەی حەماس بوو، بەهۆی سەختیی برینەكانیەوە ئەمڕۆ ئەویش گیانی لە دەست دا.
پێگەی
"شەرق ئەوسەت" ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی ئایار، لەسەر زاری سەرچاوەكانی تەندروستی لە غەزە بڵاوی كردووەتەوە، عەزام كە دەكاتە كوڕی خەلیل حەیە فەرماندەی گەورەی بزووتنەوەی حەماس، دوێنێ لە هێرشە درۆنییەكەی ئیسرائیل لە حەی دەرەج لە رۆژهەڵاتی غەزە پێكابوو و بەسەختی بریندار بوو، ئەمڕۆ بەهۆی برینەكانیەوە گیانی لە دەست دا.
دوێنێ لە هێرشە درۆنییەكەی ئیسرائیل لە حەی دەرەج لە غەزە، پێنج كەس كوژران و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون، یەك لە بریندارەكان عەزام كوڕی خەلیل حەیە بوو و ئەمڕۆ ئەویش گیانی لە دەست دا، بە كوشتنی عەزام، ئەوە چوارەمین كوڕی حەیەیە كە لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژراون.
سەرچاوەیەكی تەندروستی لە نەخۆشخانەی مەعمەدانی رای گەیاند، برینەكانی عەزام بەهۆی هێرشەكەی ئیسرائیل زۆر سەخت بوو، هەر بەو هۆیەوە ئەمڕۆ گیانی لە دەست دا. بەوەیش كوژرانی عەزام دەبێتە چوارەمین كوڕی حەیە كە تا ئێستە بەدەستی ئیسرائیل كوژراون، عەزام دەكاتە جمكی "هومام" كە لە ئەیلوولی 2025 كاتێك لە قەتەر لەگەڵ باوكی بوو، بەهۆی هێرشێكی ئیسرائیل هاتە كوشتن.
ئاماژە دراوە كە جیا لە كوژرانی كوڕەكانی، تا ئێستە ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی ماڵباتەكەی خەلیل حەیە بەدەستی ئیسرائیل كوژراون، لە ناویاندا كچەكانی و نەوەكانی.
لە حەوتی تشرینی یەكەمی 2023 بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكۆستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.
لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە جیا لە سەتان هەزار بریندار، بەڵام تا ئێستە ئەوانەی ماون لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین.
لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 500 كەسی ئیسرائیلی كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران كە دواتر بەپێی دانوستانەكان ئازاد كران.