ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڕیاری دا هیچ جۆرە دانوستانێک لەگەڵ واشنتن لەسەر پرسە ئەتۆمییەکان ئەنجام نەدات، لە هەمان کاتدا دووپاتی کردەوە کە دانوستانەکان بەردەوام دەبن بەڵام بە فۆرم و شێوازێکی تەواو نوێوە.
لە لێدوانێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە کە، دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن بە شێوازێکی نوێ بەردەوام دەبن، بەڵام تاران بڕیاری داوە لەم کاتەدا گفتوگۆ لەسەر پرسە ئەتۆمییەکان نەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر لەمڕۆ پێنجشەمدا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، وەڵامی ئەو پڕۆژەبڕیارەی ئەمەریکای دایەوە کە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەرووی هورمز خراوەتە ڕوو، تێیدا دووپاتی کردەوە کە ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووەکەدا، پەیوەستە بە کۆتاییهێنان بە شەڕ و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران.
جێی باسە ئەمەریکا پڕۆژەبڕیارێکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان خستە ڕوو بۆ داواکردن لە ئێران تا کۆتایی بە هێرشەکانی و چاندنی مین لە گەرووی هورمز بهێنێت، هاوکات داوای لە چین و ڕووسیا کرد کە مافی ڤیتۆ دژی بڕیارەکە بەکار نەهێنن.
ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش دەستیان بە گفتوگۆ کردووە لەسەر ئەو دەقەی کە ئەمەریکا بە هاوبەشی لەگەڵ بەحرێن، سعوودیە، ئیمارات، کوێت و قەتەر داڕشتوویەتی، کە ڕەنگە لە کاتی پەسەندکردنیدا ببێتە هۆی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا، یان مۆڵەت بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بدات ئەگەر تاران کۆتایی بە هێرش و هەڕەشەکانی بۆ سەر هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووەکەدا نەهێنێت.