ئەمڕۆ هەینی هەشتی ئایاری 2026، ئیبراهیم ڕەزایی گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران دووپاتی کردەوە، هێزەکانی ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بن.
ڕەزایی لە لێدوانێکیدا ڕای گەیاند، وەک پێشتر گوتوومانە و ئێستەش دووپاتی دەکەینەوە، ئێوە ناتوانن گەرووی هورمز ببڕن. زیاتر گوتی، نەک تەنیا بە چەند وێرانکەر و کەشتییەکی جەنگییەوە، بەڵکوو تەنانەت بە تەواوی هێزی دەریاییتانیشەوە ناتوانن بەو گەرووەدا تێپەڕ بن.
ئەمە لە کاتێکدایە درەنگانی شەوی ڕابردوو، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕای گەیاند، هێزەکانیان بەرپەرچی هێرشێکی ئێرانییان داوەتەوە لە کاتی تێپەڕبوونی سێ وێرانکەری ئەمەریکی لە گەرووی هورمزەوە بەرەو کەنداوی عومان. بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، هێزەکانی ئێران بە مووشەک، درۆن و بەلەمی بچووک هێرشیان کردووەتە سەر وێرانکەرەکان، بەڵام هیچ زیانێک بەر هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا نەکەوتووە.
لە بەرانبەردا، ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێزەکانی ئەمەریکا ئاگربەستیان پێشێل کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی و کەشتییەکی تر لە نزیک گەرووی هورمز، لەگەڵ بەئامانجگرتنی چەند پێگەیەکی کەناراوی لە بەندەری خەمیر، سیریک و دوورگەی قشم. ئێرانییەکان دووپاتیشیان کردەوە کە وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و "زیانی گەورە"ـیان بە کەشتییە ئەمەریکییەکان گەیاندووە.