سەدر هۆشداری دەداتە عەلی زەیدی: هەر لایەنێک باڵی چەکداریی هەبێت نابێت پۆستی پێ بدرێت

:: PM:01:54:08/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی هەشتی ئایاری 2026، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، داوای کرد کە گشت گرووپە چەکدارەکان بە ناوە جیاوازەکانیانەوە، لەژێر ناوی "سەربازی دروشمە ئاینییەکان" یەکبخرێن و بخرێنە سەر دەستەی حەج و عومرە. لە هەمان کاتدا ئامادەییی خۆی دەربڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی باڵە چەکدارییەکانی سەر بە ڕەوتەکەی ئەگەر ئەم مەرجە جێبەجێ بکرێت.

لە بەیاننامەیەکی سەدردا کە دەست "وشە" کەوتووە، هاتووە، پێویستە لەسەر کەسی ڕاسپێردراو بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران هەر کەسێک بێت، گرووپە چەکدارەکان بە جیاوازیی ئاراستەکانیانەوە، بگۆڕێت بۆ پێکهاتەی (سەربازی دروشمە ئاینییەکان) و لەژێر دەسەڵاتی دەستەی حەج و عومرەدا بن.. یان بیانکاتە پێکهاتەیەکی مرۆیی بۆ فریاگوزاری و هاوکارییە مرۆییەکان. هەر کەسێکیش لەوانە ئەمە ڕەت بکاتەوە، ئەوا بە دەرچوو لە یاسا هەژمار دەکرێت.

سەدر زیاتر گوتی، ئەگەر ئەم کارە بکەن، ئەوا منیش ئامادەم پێکهاتەی لیوای ڕۆژی "مەوعوود" هەڵبوەشێنمەوە و سەرایا سەلامیش ڕادەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بکەم، هەروەک چۆن پێویستە لەسەر هەمووان بە خێراترین کات ئەو کارە بکەن.

سەدر هەروەها دووپاتی کردەوە کە نابێت پشت بە "تێکەڵەی عەتار" ببەسترێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری، هاوکات داوای کرد، هەر کەس و لایەنێک باڵی چەکداریی هەبێت بەتەواوی لە حكوومەت دوور بخرێتەوە و حكوومەتێک پێکبهێنرێت کە وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی گەل بێت.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەیدا جەختی لەسەر، سەرکوتکردنی گەندەڵی بەلایەنی زۆرەوە لە ماوەی 90 ڕۆژدا کردەوە.. بە مەرجێک دەستپێکەکەی بە دۆسیەی (دزیی سەدە) و تاوانبارەکەی و گشت لێکەوتەکانییەوە بێت. هەروەها داوای بەهێزکردنی پێوەندییە دەرەکییەکانی کرد لە چوارچێوەیەکدا کە شکۆمەندی بە عێراق ببەخشێت، بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک و بێ دەستدرێژیکردنە سەر هیچ کەسێک، چونکە ئەمە شکۆیە بۆ عێراق و گەلەکەی کە بە ئاگری شەڕەکان سووتاوە.

لە کۆتاییدا سەدر ڕای گەیاند، ڕازی نابین بە بوونی هیچ تاکێکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە کابینەی وەزاریدا.. و هیچ وەزیرێکیش نوێنەرایەتیی ئێمە ناکات.


وشە - پۆڵا مەحموود