دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق ئاماژە بەوە دەكات، كۆمپانیا تێلیگرام گەڕایەوە عێراق و بەڵێنی داوە پابەندی مەرجە رێكخراوەییەكان بێت، بەگوێرەی بڕگەكانی فەرمانی یاسایی ژمارە 65ی ساڵی 2004.
ئەمڕۆ شەموو نۆی ئایار، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بڵاوی كردەوە، كۆمپانیای تیلگرام كە بڕیارمان داوە بە دەستپێكردنەوەی خزمەتگوزاریی تێلیگرام لە سەرانسەری وڵاتدا، ئەمەش دوای ئەوەی ئیدارەی ئەپڵیكەیشنەكە بەڵێنی داوە پابەند بێت بە مەرجە رێكخراوەییەكان و یاسا كارپێكراوەكان.
دەستەكە ئاماژەی بەوە كردووە، ئیدارەی تێلگرام بەڵێنی داوە پابەندی مەرجە رێكخراوەییەكان بێت، بەگوێرەی بڕگەكانی فەرمانی یاسایی ژمارە 65ی ساڵی 2004.
ئاماژەی بەوەش كرد، پێشتر داواكاریی فەرمی ئاراستەی كۆمپانیاكە كرابوو لەبارەی رێكخستنی ناوەڕۆك، پاراستنی زانیارییەكانی بەكارهێنەران و پابەندبوون بە چوارچێوە یاساییەكانی عێراق.
روون كراوەتەوە كە دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن، بەردەوام دەبێت لە چاودێریكردنی مەیدانی بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی كە ئیدارەی تێلیگرام داویەتی.
ئاماژە بەوە كراوە كە دوای تەواوكردنی رێكارە تەكنیكییەكان لەلایەن وەزارەتی گەیاندنەوە، ئەپڵیكەیشنەكە بەشێوەیەكی ئاسایی كار دەكاتەوە.